له سووریا داعشه بیانییه‌كان بێ پاسه‌وان ده‌مێننه‌وه
وه‌زیری به‌رگریی رووسیا له‌باره‌ی كۆچی پێچه‌وانه‌ی توندڕه‌وه‌كان هۆشداریی ده‌دات
K24 - هه‌ولێر:
سێرگی شۆیگۆ، وه‌زیری به‌رگری رووسیا رایگه‌یاند: "ئۆپراسیۆنه‌كه‌ی سوپای توركیا بۆ سه‌ر باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا بووه‌ته ئه‌وه‌ی 12 گرتووخانه كه توندنڕهوه بیانییه‌كانی تێدا زیندانیی كراون بێ پاسه‌وان بمێننه‌وه و مه‌ترسی هه‌یه رابكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌وه وڵاته‌كانی خۆیان".
وه‌زیری به‌رگری رووسیا له كۆڕبه‌ندێكی پایته‌ختی چینه‌وه گووتی: "به‌هۆی كرده سه‌ربازییه‌كه‌ی توركیا بۆ سه‌ر سووریا، 8 خێوه‌تگا و 12 گرتووخانه‌ی چه‌كداره بیانییه‌كانی داعش و خێزانه‌كانیان بێ پاسه‌وانیی ماونه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ری هه‌یه ببێته هۆی كۆچی پێچه‌وانه‌ی توندڕه‌وه‌كان بۆ وڵاته‌كانی خۆیان".
شۆیگۆ ده‌ڵێت: "پێویسته هه‌وڵه‌كانی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی یه‌كبخرێن بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان و ئایدۆلۆژیا و پڕوپاگهندهكانیان".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "وه‌زاره‌تی به‌رگریی رووسیا شاره‌زایی فراوانی هه‌یه له‌و بواره‌دا و ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانی له ناوچه‌ی ئاسیا و زه‌ریای هێمن هاوكاریی بكات".