ئەمەریكییەكانی رۆژئاوای كوردستان گەیشتنە دھۆك

كاروانێكی دیكەی سەربازیی ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان كشایەوە

K24 - دھۆك

ئەمڕۆ كاروانێكی ھێزەكانی ئەمریكا لە رۆژئاوای كوردستان كشایەوە و گەیشتە سنووری پارێزگای دھۆك.

پەیامنێری كوردستان24 لە دھۆك رایگەیاند: "ئەمڕۆ كاروانێكی ھێزەكانی ئەمەریكا لە رۆژئاوای كوردستان كشایەوە و گەیشتە سنووری پارێزگای دھۆك".

پێشتر مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگری ئەمەریكا رایگەیاندبوو، كە ئەم ھێزانە لە رۆژئاوای ئەنبار جێگیر دەكرێن.

دوای بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كشانەوەی ھێزەكانیان لە سووریا و رۆژئاوای كوردستان، بەشێك لە ھێزەكانی واشنتن دەستیان بە كشانەوە كردووە.

ھاوكات لەگەڵ بڕیارەكەی ترەمپ بۆ كشانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكا، لە 9/10/2019 سوپای توركیا بە ھاوبەشی لەگەڵ میلیشاكانی سووریای سەر بە ئەنقەرە ھێرشیان بۆسەر رۆژئاوای كوردستان دەستپێكرد. بەگوێرەی ئامارەكان تائێستا زیاتر لە 235 ھاووڵاتی سڤیل شەھیدبوونە و زیاتر لە 300 ھەزار كەسیش ئاوارە بوونە.

لە ئەنجامی رێككەوتنی نێوان ئەمەریكا و توركیا و رووسیا، رۆژی 17/10/2019 ئاگربەست لەنێوان سوپای توركیا و ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) راگەیەندرا. ھەسەدە رایگەیاند، كە توركیا پابەندی ئاگربەست نەبووە و بەردەوامە لە ھێرش و بۆردوومان بۆسەر شەڕڤانان.

ھ.م