هه‌سه‌ده ئاماری زیانه گیانییه‌كانی شه‌ڕڤانانی له 24 كاتژمێری رابردوو راگه‌یاند
توركیا به‌رده‌وام بووه له پێشێلكردنی رێككه‌وتنی ئاگربه‌ست
K24 – هه‌ولێر:
ناوه‌ندی راگه‌یاندنی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده) ئاماری 24 كاتژمێری رابردووی رووداو و پێكدادانه‌كانی راگه‌یاند.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی هه‌سه‌ده، كه ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه (21ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019) ده‌ریكردووه، سوپای توركیا له 24 كاتژمێری رابردوودا به‌رده‌وام بووه له پێشێلكردنی رێككه‌وتنی ئاگربه‌ست له سه‌رێ كانی و ده‌وروبه‌ری.
هه‌روه‌ها هاتووه: له باشووری سه‌رێ كانی و ده‌وروبه‌ری میلیشیاكان به پشتیوانی فڕۆكه و تۆپخانه‌كانی توركیا ویستوویانه پێشڕه‌وی بكه‌ن، به‌ڵام شه‌ڕڤانان به‌ره‌نگاریان بوونه‌وه و به‌و هۆیه‌وه 3 چه‌كداری میلیشیاكان كوژران و 2 ئۆتۆمبێلیان سووتێنرا و یه‌كێكیان په‌كی خرا.
له باره‌ی ناوچه‌ی فورات كه هه‌ریه‌ك له كوبانێ و گرێ سپی ده‌گرێته‌وه، له به‌یاننامه‌كه‌دا هه‌سه‌ده رایگه‌یاندووه، میلیشیاكان به‌رده‌وام بوون له په‌لاماره‌كانیان و هه‌وڵیانداوه ده‌ستبگرن به‌سه‌ر گونده‌كانی باكووری عه‌ین عیسا و خۆرئاوای ناوچه‌كه تا میحوه‌ری جلبیه له كوبانێ شه‌ڕ و پێكدادان روویداوه و شه‌ڕڤانان توانیویانه به‌ره‌نگاریان ببنه‌وه و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له میلیشیاكان و هێزی دوژمن كوژران و بریندار بوون و 3 زرێپۆشی سه‌ربازی میلیشیاكانیش سووتێنرا.
روونیشیكردووه‌ته‌وه، له‌و پێكدادان و شه‌ڕانه‌دا 6 شه‌ڕڤان گیانیان له‌ده‌ستداوه و 9 شه‌ڕڤانی دیكه‌ش كه پێشتر له یه‌كه‌م رۆژی راگه‌یاندنی ئاگربه‌سته‌وه په‌یوه‌ندیان پچڕابوو، ده‌ركه‌وت گیانیان له‌ده‌ستداوه و به‌و هۆیه‌وه ژماره‌ی شه‌هیده‌كان گه‌یشته 15 شه‌ڕڤان.