سیناتۆرێكی دیاری دیموكراته‌كان: له‌ كۆنگرێسه‌وه‌ سزا به‌سه‌ر توركیا ده‌سه‌پێنین

سه‌ره‌ڕای رێككه‌وتنی راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست

K24 - هه‌ولێر:

كریس ڤان هۆڵن، سیناتۆری دیاری دیموكراته‌كانی ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌ره‌ڕای رێككه‌وتنی راگه‌یاندنی ئاگربه‌ست، به‌ڵام له‌ كۆنگرێسه‌وه‌ سزا به‌سه‌ر توركیادا ده‌سه‌پێنن.

كریس ڤان هۆڵن، له‌ تویته‌ری خۆیه‌وه‌ رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ لیندسی گراهام، سیناتۆری كۆمارییه‌كان، كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ كۆنگرێس ئه‌و سزایانه‌ به‌سه‌ر توركیادا بسه‌پێنن، كه‌ پێشتر ئاماده‌یان كردووه‌.

ئه‌و سیناتۆره‌ی دیموكراته‌كان ده‌ڵێت: "وێڕای پێشوازیكردن له‌و ئاگربه‌سته‌، به‌ڵام هێشتا مه‌رجی دیكه‌ هه‌ن كه‌ پێویسته‌ سزاكان بسه‌پێنرێت، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ رێگه‌ به‌ توركیا ده‌دات پاكتاوی نه‌ژادی له‌ ناوچه‌یه‌كی فراوان له‌ دژی كورد بكات".

دووپاتیش له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ئه‌و كاره‌ی توركیا ده‌بێته‌ هۆی دووباره‌ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش له‌ ناوچه‌كه‌.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ، مایك پێنس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ توركیا له‌سه‌ر ئاگربه‌ست له‌ رۆژهه‌ڵاتی سووریا (رۆژئاوای كوردستان)، رێككه‌وتوون.

ماوه‌ی 9 رۆژه‌ توركیا، له‌ ژێر ناوی "ئۆپه‌راسیۆنی كانی ئاشتی" هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان راگه‌یاندووه‌ و ئه‌مڕۆش له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنێكى 13 خاڵی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، ئاگربه‌ستی راگه‌یاند.