لیندسی گراهام سیناتۆری كۆمارییه‌كان په‌یوه‌ندی به مه‌زڵووم عه‌بدییه‌وه ده‌كات
ناوه‌ڕۆكی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌یان ده‌خاته‌ڕوو
K24 - هه‌ولێر:
لیندسی گراهام، سناتۆری دیاری كۆمارییه‌كان رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ مه‌زڵووم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی هه‌سه‌ده كردووه و تێیدا ئه‌و فه‌رمانده‌یه هه‌وڵه‌كانی ئیداره‌ی تره‌مپی به‌رزنرخاندووه بۆ راگرتنی توندوتیژییه‌كان.
ئه‌و سیناتۆره له زنجیره تویتێك ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو، مه‌زڵووم عه‌بدی نیگه‌رانی خۆی له‌و رێككه‌وتنی ئاگربه‌سته نیشانداوه و راشیگه‌یاندووه، به هیچ شێوه‌یه‌ك قه‌بووڵی ئه‌وه ناكه‌ن پاكتاوی نه‌ژادی به‌رامبه‌ر به كورد بكرێت، كه ئه‌نقه‌ره پێشنیازی كردووه.
لیندسی گراهام ناوه‌ڕۆكی په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی ئاشكرا كردووه و باس له‌وه ده‌كات كه مه‌زڵووم عه‌بدی ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو، ناوچه‌ی ئارام له‌لایه‌ن كورده‌وه قه‌بووڵكراوه، به‌ڵام به ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی كه ده‌بێته هۆی ئاواره‌كانی سه‌دان هه‌زار كه‌س ناگوترێت ناوچه‌ی ئارام، به‌ڵكو ئه‌وه پاكتاوی نه‌ژادییه.
سیناتۆری كۆمارییه‌كان راشیگه‌یاندووه، هیواداره بگه‌نه ره‌وشێك هیچ لایه‌نێك زیانمه‌ند نه‌بێت و ده‌ڵێت: "هاوشێوه‌ی مه‌زڵووم عه‌بدی نیگه‌رانم، پێمگوت له نزیكه‌وه ئاگاداری ره‌وشه‌كه ده‌بین و له‌و گرفته‌شدا كۆنگرێس هاوسۆزه له‌گه‌ڵ كورد".
ئ. م