مه‌زڵووم عه‌بدی: ئه‌گه‌ر توركیا پابه‌ندی ئاگربه‌ست نه‌بێت هه‌ڵوێستمان ده‌گۆڕێت
"ئه‌وه‌ی ده‌گوزه‌رێت پیلانگێڕییه"
K24 - هه‌ولێر:
مه‌زڵووم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیك (هه‌سه‌ده) رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر توركیا پابه‌ندی رێككه‌وتنی ئاگربه‌ست نه‌بێت، ئه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت كه ئاگربه‌سته‌كه "یارییه‌كی نێوان ئه‌مه‌ریكا و توركیا بووه".
مه‌زڵووم عه‌بدی، به ئاژانسی فرانس پرێسی راگه‌یاندووه، تا ئێستا توركیا رێگه به كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانییان نادات له سه‌رێكانی.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، توركیا رێگری له كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانمان ده‌كات و له لایه‌كی دیكه‌وه‌ش بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه هه‌سه‌ده ئاماده نییه بكشێته‌وه، ئه‌وه‌ش "پیلانگێڕییه له دژی ئێمه".
توركیا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان، له ژێر ناوی ئۆپه‌راسیۆنی "كانی ئاشتی" له رۆژی 9ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019 ده‌ستپێكرد و له چوارچێوه‌یه‌كی رێككه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا، هێرشه‌كانی راگرتووه، به‌ڵام هه‌سه‌ده رایده‌گه‌یه‌نێت، تا ئێستا توركیا پابه‌ندی ئاگربه‌ست نییه.
ئ. م