به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكا: یه‌په‌گه‌ له‌ "ناوچه‌ی ئارام" كشاوه‌ته‌وه‌

ته‌واوی مه‌رجه‌كانمان له‌ ناوچه‌ی ئارام جێبه‌جێ كرد

K24 – هه‌ولێر:

به‌رپرسێكی ئه‌مه‌ریكایی رایگه‌یاند، فه‌رمانداری یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل(یه‌په‌گه‌) به‌ ئێمه‌ی راگه‌یاندووه‌، هێزه‌كانیان به‌ ته‌واوی له‌ "ناوچه‌ی ئارام" كشاونه‌ته‌وه‌.

ئه‌و به‌رپرسه‌ ئه‌مه‌ریكاییه‌ ئاشكراشیكرد، "ئه‌مڕۆ فه‌رمانده‌ی گشتیی هه‌سه‌ده‌، مه‌زڵوم كوبانێ به‌ مایك پێنسی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای راگه‌یاندووه‌، یه‌په‌گه‌ به‌ ته‌واوی له‌ ناوچه‌كه‌ كشاوه‌ته‌وه"‌.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ریكا هه‌موو رێككارێكی توركیا دژی هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ باكووری سووریا دوای ته‌واوبوونی واده‌ی ئاگربه‌ست به‌ پێشێلكردنی رێككه‌وتنی ئاگربه‌ست هه‌ژمار ده‌كات و بێ هیچ چه‌ندوچوونێك ئه‌مه‌ریكا سزا به‌سه‌ر توركیادا ده‌سه‌پێنێت.

له‌ نوێترین پێشهاتیشدا، هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده‌)، رایگه‌یاند، "ته‌واوی مه‌رجه‌كانمان له‌ ناوچه‌ی ئارام جێبه‌جێ كرد".

ئه‌م دوو لێدوانه‌ی به‌رپرسه‌ ئه‌مه‌ریكاییه‌كه‌ و سه‌رچاوه‌كانی هه‌سه‌ده‌ دوای ئه‌وه‌ دێن،  سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منیی توركیا، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (22ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019) رایگه‌یاند، هێزه‌ كوردییه‌كان له‌ رووی مه‌بده‌ئییه‌وه‌ به‌ درێژایی 120 كیلۆمه‌تر ناوچه‌كانی هاوسنووری توركیایان به‌جێهێشتووه‌ و پاشه‌كشه‌یان كردووه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، راشیگه‌یاند، له‌ باره‌ی پرسی ئه‌و ناوچانه‌ی هێشتا هێزه‌ كوردییه‌كانی تێدایه‌ و پاشه‌كشه‌یان نه‌كردووه‌، هه‌ریه‌ك له‌ سه‌رۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتن و سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیان له‌ سوچی هه‌ڵوێستی خۆیان له‌ باره‌یانه‌وه‌ یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه‌.

سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا، پێشتر رایگه‌یاندبوو، ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی دیاریكراوی رێككه‌وتنی ئاگربه‌ستدا، كه‌ 120 كاتژمێره‌، ئه‌گه‌ر هێزه‌ كوردییه‌كان به‌ ته‌واوی پاشه‌كشێ نه‌كه‌ن، سوپای توركیا ده‌ست به‌ هێرشه‌كانی ده‌كاته‌وه‌.

رۆژی (17ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019)، له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و مایك پێنس، جێگری سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، بڕیاردرا ئاگربه‌ستی دوولایه‌نه‌ بۆ ماوه‌ی 120 كاتژمێر رابگه‌یه‌ندرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ماوه‌یه‌دا هێزه‌كانی سووریای دیموكرات(هه‌سه‌ده‌) پاشه‌كشێ بكه‌ن.

توركیا داوا ده‌كات به‌ درێژایی 444 كیلۆمه‌تر و به‌ قوڵی 32 كیلۆمه‌تر هه‌سه‌ده‌ هێزه‌كانی بكێشێته‌وه‌.

ئه‌و ناوچه‌یه‌ی توركیا داوای ده‌كات رووبه‌ری زۆرینه‌ی ره‌های خۆرهه‌ڵاتی فورات و به‌شێكی پارێزگاكانی ره‌ققه‌ و دێرزووریش ده‌گرێته‌وه‌.

توركیا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كات، له‌و ناوچه‌یه‌دا كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبوون بۆ دوو ملیۆن په‌نابه‌ری سووریا درووست ده‌كات، كه‌ ئێستا له‌ ناو توركیان و له‌ كه‌مپه‌كانی په‌نابه‌رانن.

هه‌وڵه‌كه‌ی توركیا به‌ سیاسه‌تی گۆڕینی دیموگرافیای ناوچه‌كانی رۆژئاوای كوردستان لێكدراوه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌ هۆی نیشته‌جێكردنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی په‌نابه‌رانی سووریا، رێژه‌ی دانیشتوانی ناوچه‌كه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت. مه‌ترسی ئه‌وه‌ له‌ ئارادایه‌، كورد ببێته‌ كه‌مینه‌ له‌و پارچه‌یه‌ی كوردستاندا.

رۆژی (9ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2019)، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی كۆماری توركیا، كه‌ هاوكات فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی توركیایه‌، به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی تویتێك له‌ هه‌ژماری خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی دژ به‌ هێزه‌ كوردییه‌كانی باكووری خۆرهه‌ڵاتی سووریا راگه‌یاند.

ئه‌و بڕیاره‌ی ئه‌ردۆغان، دوای ئه‌وه‌ هات، كه‌ رۆژێك پێشتر، به‌ ته‌له‌فۆن قسه‌ی له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كرد و دوای په‌یوه‌ندییه‌كه‌، تره‌مپ رایگه‌یاند، چیدیكه‌ هێزه‌كانی له‌ سووریا ناهێڵێته‌وه‌ و پاشه‌كشه‌یان پێده‌كات.