ئەمەریكا ژمارەی داعشە ھەڵاتووەكانی رۆژئاوای كوردستان ئاشكرا دەكات
بەھۆی ھێرشەكانی توركیا ھەڵاتوون
K24 - ھەولێر
پێنتاگۆن رایدەگەیەنێت، زیاتر لە 100 چەکداری داعش لە زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستان هەڵاتوون.
مارک ئێسپەر، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کریستیان ئامانپوور لە کەناڵی سی ئێن ئێن، روونی کردەوە "لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، زیاتر لە 100 چەکدار لە زیندانەکان هەڵاتوون".
ئێسپەر ئاماژەی بەوەش كرد "زیاتر لە 11 هەزار چەکداری داعش لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)دا هەن".
ئەمە لەكاتێكدایە ھەفتەی رابردوو بەھۆی ھێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان، پشێویی لە كەمپی ھۆل نرایەوە كە خێزانە داعشەكان لێی نیشتەجێ كراون، بەو ھۆیەوە ژمارەیەك چەكداری داعش ھەڵاتن.
بەگوێرەی زانیاریی پەیامنێری كوردستان24، پێش دەست پێ كردنی شەڕ 900 شەڕڤانی یەپەگە چاودێریی كەمپی ھۆل-یان دەكرد، بەڵام لەكاتی ھێرشەكانی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان زۆربەی شەڕڤانەكان رەوانەی سەر سنوور كران و ئێستا تەنھا 300 شەڕڤان چاودێریی كەمپەكە دەكەن.
ھ.م