تره‌مپ باسی گفتوگۆی نێوان خۆی و مه‌زڵووم عه‌بدی ده‌كات
تره‌مپ په‌یامه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی خۆی گه‌یاند
K24 - هه‌ولێر:
دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا باسی له ره‌وشی رۆژئاوای كوردستان (باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا) كرد و رایگه‌یاند، تیمه‌كه‌یان له مایك پێنس جێگری سه‌رۆك و مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه و ئۆبراین، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی له شاندی واشنتن بوون بۆ توركیا و له‌سه‌ر ئاگربه‌ست رێككه‌وتن.
روونیشی كرده‌وه، كارێكی گرنگیان ئه‌نجامداوه و ئه‌گه‌ریش توركیا سه‌ركه‌وتوو، یان پابه‌ندی ئاگربه‌ست نه‌بێت، سزای ئابووری ده‌خه‌نه‌سه‌ر.
ئاماژه‌ی به ناوه‌ڕۆكی گفتوگۆی خۆی و مه‌زڵووم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده كرد و رایگه‌یاند، ئه‌و سوپاسگوزاری كاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا بوو و له‌وه تێگه‌یشت كه واشنتن چی بۆ پاراستنی گیانی ده‌یان هه‌زار خه‌ڵك كردووه له هێرشه‌كانی توركیا.
پوخته‌ی قسه‌كانی تره‌مپ:
ئێمه كێڵگه نهوتییهكانمان له سووریا پاراستووه، به‌شێك له سه‌ربازانمان جێگیرن و ناوچه‌كان ده‌پارێزن، له داهاتوودا بڕیار ده‌ده‌ین چ كارێك ده‌كه‌ین.
ئێستا بڕیارمانداوه هه‌رێمێكی ئارام له نێوان توركیا و سووریا درووست بكه‌ین، هه‌زاران هه‌زار كه‌س له‌و ناوچه‌یه كوژراون، چه‌ندین ده‌یه‌یه ئه‌و شه‌ڕه به‌رده‌وامه، توركیا و سووریا، ته‌واوی پێكهاته‌كانی دیكه‌ش وه‌كو كورد، ده‌یان ساڵه شه‌ڕ ده‌كه‌ن.
هێزه‌كانمان كاتێكی زۆره له‌وێن، ده‌بوایه ئێمه بۆ 30 رۆژ له‌و ناوچه‌یه بین، به‌ڵام ئه‌و كاته بووه 10 ساڵ، ئیستا ده‌كشێینه‌وه.
با هه‌ندێك كه‌سی دیكه بچن بۆ ئه‌و ناوچه خوێناوییه، مایك پێنس جێگری سه‌رۆك و مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه، وه‌ك شاندی ئه‌مه‌ریكا له توركیا سه‌ركه‌وتوو بوون، له‌گه‌ڵ ئۆبراین دانووستانێكی سه‌ركه‌وتوویان كرد بۆ ئاگربه‌ست، بۆ ئه‌وه‌ی هێزه كوردییه‌كان له ناوچه‌كه به‌بێ شه‌ڕ بچنه ده‌ره‌وه.
به‌و كاره ژماره‌یه‌كی زۆر هاووڵاتی ژیانیان پارێزراوه له شه‌ڕ له‌گه‌ڵ توركیا، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ سه‌ربازێكی ئه‌مه‌ریكا ته‌قه‌ی لێبكرێت و خوێنی بڕژێت.
له‌گه‌ڵ مه‌زڵووم قسه‌م كرد، پیاوێكی جه‌ربه‌زه‌یه و سه‌ركرده‌ی هه‌سه‌ده‌یه، ئه‌و سوپاسگوزاری ئه‌مه‌ریكا بوو بۆ ئه‌و كاره، به‌ڵێنی پێدام كه داعش له ژێر چاودێری تونددایه له‌و ناوچانه‌ی تێیدا ماونه‌ته‌وه و هه‌ر له‌وێش ده‌مێننه‌وه، راسته ژماره‌یه‌كی كه‌م هه‌ڵاتوون به‌ڵام هه‌ندێكیان ده‌ستگیركراونه‌ته‌وه.
ئێمه گفتوگۆیه‌كی باشمان ئه‌نجامدا، ژیانی هه‌زاران كوردمان پاراست، ئه‌گه‌ر شه‌ڕه‌كه ببا ره‌نگه درێژه‌ی نهكێشابا به‌ڵام ره‌وشه‌كه سه‌ختتر ده‌بوو.
ته‌واوی تیمه‌كه‌مان ئه‌و ئاگربه‌سته‌یان درووست كرد، كه شتێكی تایبه‌ته، ئه‌و ده‌ستكه‌وته بووه هۆی راگرتنی شه‌ڕێكی سه‌خت، ئه‌گه‌رچی ئه‌و شه‌ڕه سێ رۆژ به‌رده‌وام بوو، ئازاره‌كه‌ی به‌كۆتا هات كه له‌گه‌ڵ توركیا رێككه‌وتین، شه‌ڕێكی سه‌ختی كۆتایی پێهێنا.
ئه‌گه‌ر توركیا پابه‌ند نه‌بێت و سه‌ركه‌وتوو نه‌بێت له ئاگربه‌ست، سزای ئابووری توندی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنین. ئێمه وڵاتێكی ئابووری به‌هێزین و ئابوورییه‌كه‌مان به به‌راورد به ركابه‌ره‌كانمان شتێكی بێوێنه‌یه.
داوا له ئه‌وروپییه‌كان ده‌كه‌ین چه‌كداره داعشه‌كانی خۆیان ببه‌نه‌وه وڵاتهكیانیان بۆ دادگایی و مامه‌ڵه‌ی یاسایی له‌گه‌ڵیان، تا ئه‌و ماوه‌یه ئه‌وروپا نابه‌رپرسیارانه مامه‌ڵه‌یان كردووه، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه ئه‌و كاره بكه‌ن.
هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كان 100% خه‌لافه‌تی داعشیان تێك‌شكاند، سوپاسی هێزه كوردییه‌كان ده‌كه‌ین بۆ هاوكاریكردن له‌و كاره، ئێستاش ئێستا توركیا ده‌بێت دڵنیایی بدات كه داعش هیچ ناوچه‌یه‌ك كۆنتڕۆڵ ناكاته‌وه.
هه‌ندێك كه‌س داوا ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ریكا له رووی سه‌ربازی به‌شدار بێت، ئه‌وه به باش نازانم، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵمه‌ته ئه‌گه‌ر له رێگه‌ی سه‌ربازی با، ده‌بووایه هه‌زاران سه‌رباز له دژی توركیا، كه هاوپه‌یمانه له ناتۆ بجووڵێنین.
ئێمه په‌یوه‌ندی باشمان هه‌یه، ئه‌وانه‌ی قسه یان راوێژكاری ده‌كه‌ن، ئه‌و جۆره خه‌ڵكانه‌ن كه ئێمه‌یان خزانده ناو كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ڵام ئه‌و ئازاییهیان نه‌بوو بمانهێننه ده‌ره‌وه.
ئه‌و شه‌ڕه تهقیلیدییه و خوێنڕشتنه ده‌مێكه له ناوچه‌كه هه‌یه، ئه‌مه‌ریكا له بیابانه‌كانی ناوچه‌كه ده‌كشێته‌وه، به شێوه‌یه‌ك سه‌ركه‌وتن بێت بۆ ئه‌مه‌ریكا.
نه‌ك ته‌نیا له ماوه‌ی دووی هه‌فته‌ی رابردوو سه‌ركه‌وتنمان به‌ده‌ست هێناوه، به‌ڵكو له‌مێژه سه‌ركه‌وتووین و خه‌ڵك ده‌ڵێت شتێكی بێوێنه‌یه، ئێمه له به‌ریه‌ككه‌وتنێكی سه‌ربازی كشاینه‌وه، كه ئه‌نجامێكی خراپی ده‌بوو.
ئیداره‌ی رابردوو ده‌یتوانی ئه‌و ئه‌نجامه به‌ده‌ستبهێنێت، به‌بێ ئه‌وه‌ی رووسیا و مۆسكۆ وا بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان هێڵی خوێناویان له‌سه‌ر بیابان نه‌خشاند، منداڵی زۆر بوونه قوربانی، به‌ڵام من پابه‌ندی خۆم سه‌لماند، دوای هه‌شت ساڵ و ئه‌و سیاسه‌ته شكستخواردووه‌ی ئۆباما، ئه‌و كاره‌مان ئه‌نجامدا و به 58 تۆماهۆك بۆردومانمان كرد.
له شه‌ڕه‌كانی سووریا نیو ملیۆن خه‌ڵك گیانی له‌ده‌ستدا به ملیۆنان سووریش ئاواره و په‌نابه‌رن له وڵاتان.
ئێمه 8 تریلیۆن دۆلارمان له جه‌نگه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خه‌رج كردووه، دوای ئه‌و هه‌موو پاره‌یه و گیانی كچ و كوڕانمان له‌ده‌ستچوون، ئێستا ناوچه‌كه ناسه‌قامگیرتر، ناجێگیرتر و نهپارێزراوتره له‌و كات.
هه‌مان ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته شكستخواردووه‌یان كردووه، داوا ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ریكا سنوور به رووی په‌نابه‌ران له وڵاتان بكاته‌وه، كه هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆری له‌گه‌ڵدایه، به‌ڵام چیدیكه نا، ئیداره‌ی من تێده‌گا، كۆچ و كۆچبه‌ران په‌یوه‌ندییان به پرسی ئاسایشی نیشتمانییه‌وه هه‌یه، ئێمه روونمان كرده‌وه كه ده‌بێت رێگه‌یه‌كی دیكه بۆ سیاسه‌تی ده‌ره‌كی هه‌بێت.
ئێمه سوپای خۆمان به‌هێزتر ده‌كینه‌وه به‌رامبه‌ر به رابردوو، 2.5 تریلیۆن دۆلار خه‌ج كراوه، به‌ڵام هه‌رگیز دووباره نابێته‌وه، ناكرێت دووباره بچنه جه‌نگێك و هه‌زاران كه‌سی دیكه بببنه قوربانی.
ده‌بێت پلان و ئامانجی روونمان بۆ سه‌ركه‌وتن هه‌بێت، ته‌نها ئه‌و كاته ده‌به‌ینه‌وه كه بنچینه‌ی پلانه‌كه درووست بێت، كه‌س له ئێمه ناباته‌وه.
سوپاسی تیمی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌م كه سه‌ركه‌وتوو بوون له رێككه‌وتنه‌كه
ئه‌ردۆغان ده‌مێكه ده‌ناسم، ئه‌و پیاوێكی باشه و شتێكی باش بۆ وڵاته‌كه‌ی ده‌كات.
سوپاسی جه‌نه‌رال مه‌زڵووم ده‌كه‌م بۆ تێگه‌یشتن و هێزه‌كه‌ی ئه‌و و ئه‌و وشانه‌ی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ئاراسته‌ی كردم، ئه‌و ده‌زانێت من ژیانی ده‌یان هه‌زار خه‌ڵكم پاراست، شتێك بوو له ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌می رابردوو ئه‌نجامدراوه.
كاری ئێمه پۆلیسی نییه و گیانی خه‌ڵكی بپارێزین، ده‌بێت خۆیان ئه‌و كاره بكه‌ن.
ئ. م