ههشتهمین ماراسۆنی نێودهوڵهتی ههولێر دهستیپێكرد
کوردستان24 سپۆنسەری میدیایی ماراسۆنەکە دەکات
ئهمڕۆ هەشتەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان٢٤ دهستیپێكرد کە پێشبینی دەکرێت نزیکەی پێنج هەزار کەس بەشداریی ماراسۆنەکە بکەن و 350 راکەری بیانیش لە سەرتاسەری جیهانەوە بۆ بەشداریکردن لەم ماراسۆنە هاتوونەتە کوردستان.
لهوهتهی ساڵی 2011ـهوە ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر ساڵانە بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵ هەشتەمین وەشانی ماراسۆنەکە دەکرێت، کە ساڵانە هەزاران کچ و کوڕ بەشداریی ئەم ماراسۆنە دەکەن و یەکێکە لەو ماراسۆنە باوەڕپێکراوانەی لە جیهاندا راکەرێکی زۆری بیانی لەپێناوی بەشداریکردن تیایدا دێنە هەولێر.
لە هەشتەمین ماراسۆنی نێودەوڵەتی هەولێر سێ پێشبڕکێی لهسهر 3 ئاستی جیاواز دەکرێت، نزیکەی 5 هەزار کەس بەشداریی تیادا دەکەن و زیاتر لە 350 راکەری بیانی پشکداریی لەم ماراسۆنە دەکەن، کە لەلایەن 150 ناوبژیوانەوە سەرپەرشتی پێشبڕکێیەکان دەکرێت.
پێشبڕکێی خێزانی درێژییەکەی چوار کیلۆمەتر دەبێت و لە شەقامی دەوروبەری پارکی سامی عەبدورەحمان بەڕێوە دەچێت و ئەم پێشبڕکێیە تەنیا لەپێناوی بەشداریکردنە.
نیو ماراسۆنیش دەکرێت، کە مەودایەکەی 12 کیلۆمەتر دەبێت و ئەم پێشبڕکێیە لە شەقامی 40 مەترییەوە دەستپێدەکات و راکەرەکان خولێک بە دەوری شەقامی 60 مەتری لێدەدەن و خاڵی کۆتایی ماراسۆنەکە لەناو پارکی سامی عەبدورەحمان دەبێت، خاوەنی پلەی یەکەم 700 دۆلار وەردەگرێت و براوەی دووەم 500 دۆلار و براوەی سێیەمیش 400 دۆلاری پێدەبەخشرێت.
ماراسۆنی تەواو کە بەپێی یاسا و رێنماییە جیهانییەکان دەکرێت، مەودایەکەی 42 کیلۆمەتر و 195 مەتر دەبێت، بەشداربووانی ئەم ماراسۆنە کە زۆرتر راکەری پرۆفیشنالن، چوار خول بە دەوری شەقامی 60 مەتری لێدەدەن، لەسەر شەقامی 40 مەتری دەستپێدەکەن و لەناو پارکی سامی عەبدورەحمان کۆتایی پێدەهێنن.
براوەی یەکەم دوو هەزار دۆلار بەدەست دەهێنێت، براوەی دووەم 1300 دۆلار و براوەی سێیەمیش هەزار دۆلاری پێدەبەخشرێت.
ئەمساڵ بۆیەکەمجار خاوەنی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی کوڕان و کچان خەڵات دەکرێن و ئەو راکەرەی خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت لەسەر ئاستی کوڕان و کچان بە 500 هەزار دینار خەڵات دەکرێت.