خۆپیشاندانی ملیۆنی لە عێراق بەڕێوەدەچێت
سەرۆک وەزیرانی عێراق: دەستلەکارناکێشمەوە
K24 – ههولێر:
خۆپیشاندەران چوونە ناوچەی سەوزی بەغداوە و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش رەتیدەکاتەوە دەستلەکار بکێشێتەوە و دەڵێ گۆڕانکاری لە کابینەکەی دەکەت.
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە بەغدا رایگەیاند، خۆپێشاندەرانی گۆرەپانی تەحریر، توانیوویانە بچنە ناوچەی سەوزەوە و هێزە ئەمنییەکانیش رووبەڕوویان بوونەوە و لە رێگەی پڕژاندنی ئاوەوە هەوڵی بڵاوەپێکردنیان دەدەن.
ئەمەش لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکان سەرجەم ئەو رێگایانەی داخستووە کە بەرەو گۆڕەپانی تەحریر دەچن.
لە ئێوارەی دوێنێوە، خۆپیشاندان لە بەغدا و ژمارەیەک پارێزگای باشووری عێراق دەستپێکردووە.
لە وتارێکدا بۆ خۆپیشاندەران، عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق رەتیکردەوە، دەست لەکاربکێشێتەوە و رایگەیاند، دەست لەکارکێشانەوەی حکوومەت بەبێ بوونی جێگرەوە، وڵات دەخاتە پشێوییەوە، بەڵام ئاماژەی بە گۆڕانکاری لە کابینەکە و گۆڕینی ژمارەیەک وەزیر کرد، کە لەسەر بنچینەی بێلایەنی و لێهاتوویی دیاریدەکرێن.
بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، خۆپیشاندانی ملیۆنی لە چەند شارێکی باشووری عێراق بەڕێوەبچێت و هێزە ئەمنییەکانیش ئامادەکارییان کردووە.
H.J