فۆتۆگرافەرێكی كورد خەڵاتێكی نێودەوڵەتی پێدەدرێت
بە یەكێك لە 10 باشترین فۆتۆگرافەرەكانی ئاسیا ھەڵبژێردرا
K24 - ھەولێر
فۆتۆگرافەرێكی كورد بەناوی سابیر دری، لە ھیندستان بەشداری لە پێشبڕكێی نێودەڵەتی فۆتۆگرافەران كرد و توانی ببێتە یەكێك لە 10 باشترین فۆتۆگرافەرەكانی ئاسیا و خەڵاتی نێودەوڵەتی پێدەدرێت.
سابیر دری، بە كوردستان24ی ڕاگەیاند: "لە ھیندستان بەشداریم لە پێشبڕكێیەكی نێودەوڵەتی كرد، كە تێیدا بە سەدان فۆتۆگرافەر بەشدارییان كردبوو، توانیم ببم بە یەكێك لە 10 باشترین فوتۆگرافەرەکانی ئاسیا".
ئاماژەی بەوەشكرد، لە ریزبەندی باشترینەكان ناوی ئەو لە شەشەم تۆمار كراوە.
گوتیشی: "یەكێك لە مەرجەكانی بەشداربوون لەو پێشبڕكێیە ئەوە بوو كە پێویستە فۆتۆگرافەكان دانیشتووی كیشوەری ئاسیا بن، ئەو وێنانەش كە دەیگرن وێنەی ئاژەڵی كێوی بن".
راشیگەیاند: "توانیم لەم پێشبڕكێیەدا خەڵاتی سانكچواری ئاسیا بەدەست بیهێنم كە خەڵاتێكە لەسەر ئاستی كیشوەری ئاسیا ناوبانگێكی زۆری هەیە و بڕیاریش وایە لە ڕێوڕەسمێكدا لە كۆتایی ئەمساڵدا لە شاری مۆمبای ئەو خەڵاتە نێودەوڵەتییەمان پێبدرێت".
.jpg)