ماكرۆن و پوتن له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا ره‌وشی رۆژئاوايان تاووتوێ كرد
له باره‌ی ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی رووسیا و توركیا گفتوگۆیان كردووه
K24 - هه‌ولێر:
له په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا و ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنی مۆسكۆ و ئه‌نقه‌ره‌یان له باره‌ی ره‌وشی باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا (رۆژئاوای كوردستان) تاووتوێ كرد.
به گوێره‌ی وێبسایتی رووسیه‌لیه‌وم، سه‌رۆكایه‌تی رووسیا بڵاویكردووه‌ته‌وه، پێشتر هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه رێككه‌وتن، پاریس له ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كان له باره‌ی ره‌وشی سووریا ئاگادار بكرێته‌وه.
كرملين له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، پوتن بۆ ماكرۆن جه‌ختی له‌وه كردووه‌ته‌وه، بڕیاره‌كان له یادداشتێكی لێكتێگه‌شتن تۆماركراون و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌نێك پارێزراوه، هاوكات یه‌كپارچه‌یی و سه‌روه‌ری خاكی سووریاش یه‌كێكه له بنه‌ماكان، كه له گفتوگۆكانی سۆچیدا له‌سه‌ری رێككه‌وتوون.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌شكراوه، ماكرۆن ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان رووسیا و توركیای به ئه‌رێنی وه‌سفكردووه.
رۆژی 23ی ئۆكتۆبه‌ری 2019، پوتن و ئه‌ردۆغان له‌سه‌ر ئاگربه‌ست له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا (رۆژئاوای كوردستان) رێككه‌وتن، كه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ كۆتاییهاتنی ئه‌و رێككه‌وتنه ئاگربه‌سته‌ی كه له 17ی ئۆكتۆبه‌ر له نێوان توركیا و ئه‌مه‌ریكا مۆركرابوو.
ئ. م