"كریستیانۆ ئه‌ركی جێبه‌جێكردنی لێدانی راسته‌وخۆی لێ ده‌سه‌ندرێته‌وه‌"

"هانده‌رانی یوڤی داوا ده‌كه‌ن لێدانی راسته‌وخۆ چیتر به‌ كریستیانۆ جێبه‌جێ نه‌كه‌ن"

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی یانه‌ی یوڤێنتۆس هه‌ڕه‌شه‌ی دوورخرانه‌وه‌ی له‌ جێبه‌جێكردنی لێدانی راسته‌وخۆ له‌سه‌ره‌، به‌وپێیه‌ی له‌وه‌ته‌ی هاتۆته‌وه‌ یوڤێنتۆس زۆرترین لێدانی راسته‌وخۆی جێبه‌جێ كردووه‌ و هیچ گۆڵێكی تۆمار نه‌كردووه‌.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌ڕووی زۆرترین گۆڵ به‌ لێدانی راسته‌وخۆ له‌‌ مێژووی تۆپی پێ به‌ 54 گۆڵی كردووه‌ له‌ ریزبه‌ندی ده‌یه‌می جیهان دێت له‌ كاتێكدا مێسی به‌ 49 گۆڵ پله‌ی یازده‌یه‌می گرتووه‌.

پێگه‌ی سه‌نی بریتانیا له‌ راپۆرته‌ هه‌واڵێكدا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ هانده‌رانی یوڤێنتۆس چیتر رازی نابن كریستیانۆ لێدانی راسته‌وخۆ جێبه‌جێ بكات، چونكه‌ له‌وه‌ته‌ی له‌ هاوینی 2018 هاتۆته‌ یوڤی 28 لێدانی راسته‌وخۆی جێبه‌جێ كردووه‌ و نه‌یتوانیوه‌ هیچ گۆڵێك بكات.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕوو، هانده‌رانی یوڤی داوای میرالیم پیانیچ ده‌كه‌ن كه‌ به‌ 15 گۆڵ له ڕووی زۆرترین گۆڵ به‌ لێدانی راسته‌وخۆ له‌‌ ریزبه‌ندی حه‌وته‌م باشترین یاریزانی مێژووی سێریا ئه‌ی دێت.

ماوریزیۆ ساری راهێنه‌ری یوڤێنتۆس له‌ دوایین پرێس كۆنفرانسی دا ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ جگه‌ له‌ كریستیانۆ دوو یاریزانی دیكه‌ی به‌ توانایان بۆ جێه‌جێكردنی لێدانی راسته‌وخۆ هه‌یه‌ ئه‌وانیش پێكهاتوون له‌ پیانیچ و دیبالا كه‌ ده‌توانن له‌ لای راست و چه‌پ لێدانی راسته‌وخۆ جێبه‌جێ بكه‌ن.

كریستیانۆ له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نی توانای گۆڵكردنی به‌ لێدانی راسته‌وخۆ كه‌وته‌ ژێر پرسیار و تا دێت زیاتر متمانه‌ له‌ده‌ست ده‌دات، ئه‌گه‌رچی پێشتر له‌گه‌ڵ مانچێسته‌ر یونایتد 13 گۆڵی به‌ لێدانی راسته‌وخۆ كردووه‌ و له‌گه‌ڵ ریال مه‌دریدیش خاوه‌نی 32 گۆڵه‌ به‌ لێدانی راسته‌وخۆ.

Fly Erbil Advertisment