بانكی ناوەندی لوبنان ھۆشداری سەرھەڵدانی قەیرانی گەورە دەدات
ئابووری لوبنان لەبەردەم داڕمانی گەورەدا
K24 - ھەولێر
بانكی ناوەندی لوبنان داوای دۆزینەوەی چارەسەری بە پەلەیە بۆ ئەوەی رووبەڕوو داڕمانی گەورەتر نەبنەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، بانكی ناوەندی لوبنان رایگەیاندووە، وڵاتەكە پێویستی بە چارەسەركردنێكی سیاسی بەپەلە ھەیە بۆ دووبارە بەدەستھێنانەوەی متمانەی دانیشتووانەكەی و رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی گەورەتر نەبنەوە لە داھاتوودا.
بانكەكە ئاماژەی بەوەشداوە، زیاتر لە 9 رۆژە بانكەكە لە كار وەستاوە، بەڵام ھەر لەگەڵ كردنەوەی دەرگاكەیدا ھیچ بەربەستێك لەبەردەم جووڵەی پارە دروست نابێت، تەنانەت دراوی نێوخۆ بەرامبەر بە دۆلار بە پارێزراوەی دەمێنێتەوە بێ ئەوەی كەمبوونەوەی لە بەھاكەی تۆماربكرێت و تەنیا ئامانجیان ئەوەیە كە پارەی خەڵك و سیستمی بانكی بپارێزن.
لای خۆیەوە لێكۆڵەران ئاماژەیان بەوەداوە، مەترسییەكی گەورە ھەیە لەوەی ھەر لەگەڵ كردنەوەی دەرگای بانكەكان، دەستبەجێ ھاووڵاتییان ھەموو پارەكانیان رابكێشین.
ھ.م