ئێران دەروازەیەكی سنووریی لەگەڵ عێراق داخست
سەرجەم کارەکان لە بەندەری ئوم قەسری بەسرە راگیراون
K24 - ههولێر:
بەهۆی خۆپیشاندانەكانی عێراقەوە، ئێران دەروازەی میهرانی لەگەڵ عێراق داخست، كە یەكێكە لە دەروازە سەرەكییەكانی نێوان هەردوو وڵات.
میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ ئێران دەروازەی سنووریی میهرانی لەگەڵ عێراق داخستووە، كە دەكەوێتە نێوان پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شارۆچكەی بەدرە لە پارێزگای واست لە عێراق.
بەرپرسانی پارێزگای ئیلام دووپاتیانكردۆتەوە، داخستنی دەروازەی میھران پەیوەندیی بە دۆخی خۆپیشاندانەكانی عێراقەوە هەیە و تا دۆخەكە ئارامنەبێتەوە، بە داخراوی دەمێنێتەوە.
ھەروەھا بەرپرسان لە بەندەری ئوم قەسری عێراق رایانگەیاندووە، ئەمڕۆ سەرجەم کارەکان لە بەندەری ئوم قەسری بەسرە راگیراون، کە تایبەتە بە داگرتنی کاڵا سەرەکییەکان لە پارێزگای بەسرە.
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە رۆژی سێشەممە خۆپیشاندەران دەروازەکەیان گرت و بەو هۆیهشەوە کارەکان لە بەندەرەکە راگیراوە.
ئ. م