ھێرشەكانی توركیا پرۆسەی خوێندن لە رۆژئاوای كوردستان دەوەستێنن

قوتابیان دەخوازن بگەڕێنەوە قوتابخانە

K24 - حەسەكە

هێرشی سوپای توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان خوێندنی له‌ قوتابخانه‌كان راگرت. ئێستا قوتابخانه‌كان بوونه‌ته‌ په‌ناوگه‌ و شوێنی داڵده‌دانی خه‌ڵكی ئاواره‌ی ناوچه‌ داگیركراوه‌كان، له‌ بری خوێندن و وانه‌ گوتنه‌وه‌ له‌ پۆله‌كاندا ده‌نگه‌ ده‌نگی خه‌ڵكی ئاواره‌ ده‌بیسرێت و قوتابیانی ئاواره‌ داوای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ خوێندن و قوتابخانه‌كانی خۆیان ده‌كه‌ن.

لە دەستپێكی بۆردومان و تۆپبارانەكانی توركیا، ھاووڵاتیان لە بەشێكی ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان ئاوارە بوون، زۆربەیان لە قوتابخانە و باڵەخانە حكوومییەكانی شارەكانی دیكە نیشتەجێ بوونە.

ھەندێك لەو قوتابیانه‌ی ئێستا لە ئاوارەیی ژیان دەگوزەرێنن، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كه‌ لەو كاتەی شار و گوندەكانیان تۆپباران و بۆردومان كراوە، ئەوان لە قوتابخانە بوونە، ئەمەش وەك دوا یادگاریی ناخۆش لە زه‌ینی ئەوان تۆمار كراوە. ئێستا ئەو قوتابیانە بیری قوتابخانە و خوێندن دەكەن و دەخوازن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان و درێژە بە خوێندن بدەن.

ھ.م