رووسیا ھۆشداری لە پشتگوێخستنی کورد دەدات
پێگەی کورد لە نووسینەوەی دەستووری نوێی سووریا
K24 - مۆسكۆ
دوای ئەوەی کۆمیتەی نوسینەوەی دەستووری سووریا یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی لە جنێڤ ئەنجامدا، سرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ناکرێت پرسی کورد نادیدە بگرێت، پەیوەست بەھەمان پرس راوێژکارێکی ئەنجوومەنی فێدراڵی رووسیا بۆ کوردستان24 دەڵێت "لە کۆمیتەی نووسینەوەی دەستووردا نوێنەرایەتی کورد لاوازە و دەبێ ئەم گرفتە چارەسەر بکرێت"، رۆژھەڵاتناسێکیش لە مۆسکۆ، تورکیا بەھۆکاری لاوازکردنی پێگەی کورد لە سووریا تۆمەتبار دەکات.
ئەندرێی بەکڵانۆڤ، راوێژکاری جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی فیدراڵی رووسیا بە كوردستان24ی گوت: "پرسی سووریا بەبێ بەشداری راستەقینەی کورد لە پێگەکانی دەسەڵات و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گەلی کورد چارەسەری ئەستەمە و بەدی نایەت".
گوتیشی: "لە کۆمیتەی دەستوور نوێنەرایەتی کورد لاوازە و دەبێ شوێنی دروستی خۆیان ھەبێت، ئەمە گرفتە و دەبێت چارەسەر بکرێت. پێویستە بژاردەیەک پێشنیاز بکرێت کە دیمەشق و کورد قایل بکات، بەجۆرێک کورد دەبێت لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرێتی شارەوانی و پارێزگا وەک بەشەکانی دیكەی وڵات بن و تەواوی مافە دیموکراسییەکانی خۆیان بۆ دابینبکرێت، ھاوکات پێگەی دەسەڵاتیان لەسەر ئاستی وڵات پێبدرێت و لە چوارچێوەی دەستووردا بچەسپێندرێت. چارەسەر ئەوەیە کوردانی سووریا ھەست بکەن بونیان ھەیە و رێزیان لێ دەگیرێت. کۆمیتەی دەستوری سەرەتای ھەنگاوەکانی دەستپێکردووە و ئەمە قۆناغێکی گرنگە، بەڵام کۆتایی پرۆسەکە نییە و درەنگ یان زوو بەبێ خوێندنەوەیەکی دروست بۆ پرسی کورد کارەکانی کۆمیتەکە سەرکەوتوو نابێت".
کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە جەنگی تیرۆری نێودەوڵەتیدا رۆڵی بەرچاویان بینی، بەڵام لە بنیاتنانەوەی سووریادا ھاوکێشەکە پێچەوانەوە بووەتەوە و رۆژھەڵاتناسێکی رووسیش، تورکیا تۆمەتبار دەکات.
كەنستانتین ترۆیڤسێڤ، رۆژھەڵاتناس دەڵێ: "دانوستانی ئێستای نێوان دیمەشق و کورد داھاتووی دیاریکراو واڵادەکات بۆ حکوومەتی سووریا کە ئاوڕ لە بەرژەوەندی کورد بداتەوە. بەڵام رژدتر لە دیمەشق، تورکیا و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا گرفتن، لەبەردەم ئامادەگی نوێنەرانی کورد لە کۆمیتەی دەستووریدا، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە و جارێ چارەسەر نەکراوە، پێموایە رووسیا لەگەڵ ئەمەریکا گفتوگۆی ئەو بابەتە پێکەوە دەکەن لە داھاتوو".
ئاماژەی بەوەشكرد: "ھەوڵەکان ئێستا بۆ ئەوە نین ناوچەی ئۆتۆنۆمی بدرێتە کوردانی سووریا، کەس ریسکی ئەم بابەتە بۆ ئێستاو داھاتووی نزیک ناگرێتە ئەستۆ، بەڵام یاسای خۆبەڕێوەبەری کە بە ژمارە 107 ھاتووە لە دەستووردا ئەسەد پێش قەیرانی سووریا و 2011 زیندووی کردەوە، دەرفەت دەسازێنی بۆ خۆبەڕێوەبەری لە فۆرمی ھەرێمی سەربەخۆدا، واتە پێکھاتەی خۆبەڕێوەبەری رۆژاڤا بەردەوام دەبن لە مانەوە وەک پێکھاتەی ئۆتۆنۆمی ناوچەیی، ناونانی ئەم ناوچانە رەنگە بە ئەندازەی ناوەڕۆکی خۆبەڕێوەبەری لەو ناوچانە گرنگ نەبن و ئەشێت لە داھاتوو ئەم دەرفەتانە گەورەتر بن و ئاسۆی باشتریان ھەبێت".
ھ.م