توركیا هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی نوێ له ئه‌وروپا ده‌كات
ئه‌گه‌ر ئه‌وروپا كه‌مته‌رخه‌م بێت داعشه ده‌ستگیركراوه‌كانیان بۆ ده‌نێرینه‌وه
K24- هه‌ولێر:
وه‌زیری ناوخۆی توركیا دووپاتی ده‌كاته‌وه، وڵاته‌كه‌ی ئه‌و ئه‌ندام و چه‌كدارانه‌ی داعش ده‌گه‌ڕێنێته‌وه وڵاته‌كانیان، كه له گرتووخانه‌كانی توركیا به‌ندكراون.
به‌گوێره‌ی ئاژانسی رۆته‌رز، سولێمان سۆیلۆ، وه‌زیری ناوخۆی توركیا رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر هه‌ستیان به‌وه كرد كه ئه‌روپا له پرسی زیندانیانی داعش له توركیا كه‌مته‌رخه‌می ده‌كات، ئه‌وا ئه‌نقه‌ره ئه‌و زیندانیانه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه وڵاته‌كانیان.
له‌باره‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌وروپاش، كه هه‌میشه جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، كه توركیا له پرسی زیندانیان تاكلایه‌نانه ره‌فتار ده‌كات، سۆیلۆ گوتی: "به‌لای ئێمه‌وه ئه‌مه هه‌ڵوێستێكی ره‌تكراوه و نابه‌رپرسیارانه‌یه.. ئه‌ندام و چه‌كداره زیندانیكراوه‌كانی داعش ره‌وانه‌ی وڵاته‌كانیان ده‌كه‌ینه‌وه".
دوای ئه‌وه‌ی له مانگی رابردوو توركیا هێرشی سه‌ر باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا "رۆژئاوای كوردستان"ـی كرد، ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش كه له زیندانه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی هێزه كوردییه‌كان له رۆژئاوای كوردستان به‌ره‌و توركیا رایانكرد، ئه‌و چه‌كدارانه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی توركیاوه ده‌ستگیركران.
H.B