ئێران داوایه‌ك له به‌غدا ده‌كات
بۆ پاراستنی نووسینگه و ناوه‌نده دیپلۆماسییه‌كانی ئێران
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، داوای له حكومه‌تی به‌غدا كرد، رێوشوێنی ئه‌منی پێویست بگرێته به‌ر بۆ پاراستنی نووسینگه و ناوه‌نده دیپلۆماسییه‌كانی ئێران له عێراقدا.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، عه‌باس موسه‌وی، له لێدوانێكدا ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ی كرد، كه كرانه سه‌ر كونسوڵخانه‌ی ئێران له كه‌ربه‌لا.
موسه‌وی راشیگه‌یاند، ئێران له رێی كه‌ناڵه سیاسییه‌كانییه‌وه نیگه‌رانی و ترسی خۆی له ره‌وشی ئه‌منی ناوه‌نده دیپلۆماسییه‌كانی گه‌یاندووه‌ته به‌رپرسانی عێراق.
جه‌ختیشیكرده‌وه، پێویسته عێراق رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تی ناوه‌نده دیپلۆماسییه‌كانی ئێران له عێراق بگرێته به‌ر.
رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو، كونسوڵخانه‌ی ئێران له كه‌ربه‌لا له لایه‌ن خۆپیشانده‌رانی ناڕازی شاره‌كه‌وه هێرشی كرایه سه‌ر و ئاگر له به‌شێكی دیوارێكی كونسوڵخانه‌كه به‌ردرا.