خانەنشینانی پێشمەرگە چاوەڕێی پڕۆژە یاسای چاكسازین
داوا دەكرێت خانەنشینی پێشمەرگە لەگەڵ ژیانیان بگونجێندرێت
K24 - ھەولێر
خانەنشینانی پێشمەرگە، لە چاوەڕوانی پڕۆژە چاکسازیەکەی حکوومەتی ھەرێم و پەرلەمانی کوردستانن، بۆ پێداچوونەوە بە یەکخستنی ھێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازی لە رێکخستنەوەی خانەنشینیی و مووچەدا.
جێگری بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینی پیشمەرگەش، پڕۆژەکە بە ھەنگاوێکی باش دەزانێت بۆ گۆڕانکاری لە یاسای خانەنشینی پیشمەرگە بەشێوەیەک بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی ئێستا و رەچاوی ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگەش بکرێت کە لە رابردوودا ھەیبووە.
یەکێک لە خاڵەكانی کارنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چاکسازی گشتییە لە سەرجەم سێکتەرەکاندا، وەك ئاماژەشی پێدراوە بەشێكی پڕۆژەی چاکسازی حکوومەتیش تایبەتە پێشمەرگە.
سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە و ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە، ئەو پڕۆژە چاکسازیە لە خزمەت پێشمەرگەدا دەبێت و چاوەڕوانی ناردنی ئەو پڕۆژەیەن لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە تاوەکو لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە کاری تێدا بکرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ھ.م
