كورد دژی گۆڕینی سیسته‌می سیاسییه‌ له‌ عێراق

سیاسه‌تمه‌دارێك: كێشه‌ی عێراق له‌ سیسته‌می سیاسی نییه‌ به‌ڵكو له‌ شێوازی به‌ڕێوه‌بردنه‌

K24- هه‌ولێر:

له‌ باره‌ی دۆخی عێراق و هه‌وڵه‌كانی گۆڕین و هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی عێراق دەڵێت: کورد بە ھەموو شێوەیەك دژی گۆرینی سیستەمی سیاسی عێراقه‌، لە بەرامبەردا سیاسه‌تمه‌دارێكی كورد پێی وایە، سیستەمی سیاسی عێراق کێشەی نیە، بەڵکو کێشەکە لە شێوازی بەرێوەبردنیدایە.

ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، لە یەکەم کۆبوونەوەی لێژنەی ھەمووارکردنەوەی دەستووری عێراق، کورد رەتی کردەوە دەستکاری سیستەمی سیاسی عێراق بکرێت، چونکە بە گۆرینی ئەو سیستەمە دووبارە دیکتاتۆریەت بۆ عێراق دەگەرێتەوە، لە ھەمانکاتیشدا ناوێك نامێنێت بە ناوی عێراقی فیدراڵ، پێشنیازیان کردووە عێراق بەو سیستەمەی ئێستا بمێنێتەوە و دەستوور وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت.

له‌كاتێكیشدا لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، پاراستنی دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانی عێراق بە پێویست دەزانن، ئه‌بوبه‌كر كاروانی، كه‌سایه‌تی سیاسی پێی وایە، بە گۆرینی سیستەمی سیاسی، به‌ شێوه‌یه‌ك پشێوی سیاسی روو لە عێراق دەکات، كه‌ چارەسەرکردنی ئەستەم دەبێت.

سەرکردایەتی سیاسی ھەرێمی کوردستان پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ داوا رەواکانی خۆپیشاندەرانی عێراق دەردەبرێت، پشتیوانی مانەوەی کابینەی ئێستای حکوومەتیش دەکات، بۆیە بە پێویستی دەزانن لە بەرامبەر گۆرینی دەستوور و سیستەمی سیاسی عێراق، ھاوکاری حکوومەتی عێراق بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

H.B