مه‌زڵوم عه‌بدی و شاندی ئەنەکەسە کۆبوونەوە

جه‌ختیان له‌سه‌ر یه‌كڕیزی كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان كرده‌وه‌

K24- رۆژئاوای كوردستان:

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" لەگەڵ شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانی کورد لە سووریا "ئەنەکەسە" کۆبووەتەوە.

سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ كوردستان 24 دووپاتیكرده‌وه‌، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ئێستای رۆژئاوای کوردستان و یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان کراوە و هەردوولا تێڕوانینی خۆیان لەوبارەیەوە خستووه‌ته‌ڕوو.

سەرچاوەکە گوتیشی: له‌ دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی میكانیزم و چۆنیه‌تی لێكنزیكبوونه‌وه‌ی نێوان پارت و لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان و چۆنیه‌تی به‌هێزكردنی یه‌كڕیزی كورد له‌ رۆژئاوای كوردستان كرا.

ئه‌نجوومه‌نی نیشتیمانی كورد له‌ سووریا "ئه‌نه‌كه‌سه‌"ـش له‌باره‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ رایگه‌یاند، له‌ دیداره‌كه‌یاندا له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده‌ بیروڕا له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كانیان بۆ یه‌كڕیزی كورد ئاڵوگۆڕ كرا.

هه‌ر له‌مباره‌شه‌وه‌ مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده‌ بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاند گوتی: كاردانه‌وه‌كانی ناو كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌رێنی بوون و جه‌ختیشی كرده‌وه‌، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ دووه‌م هه‌نگاو بۆ یه‌كڕیزی كورد بنرێت، ئه‌ویش به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كه‌، كه‌ ته‌واوی هێزه‌ سیاسییه‌كانی سووریا له‌خۆ بگرێت.

ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ هاتووه‌، پێشتر عه‌بدی داوای به‌هێزكردنی یه‌كڕیزی نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی كردبوو، داواشی له‌ سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی كردبوو، رۆڵی خۆی له‌ نزیككردنه‌وه‌ی نێوان هێزه‌ كوردییه‌كانی رۆژئاوای كوردستاندا بگێڕێت.

پێشتریش هەریەك لە ئەنەکەسە و فەرماندەی گشتی هەسەدە بۆ کوردستان24 دووپاتیان کردبووەوە، بۆ پاراستنی یه‌كڕیزی و دانوستان له‌گه‌ڵ یه‌ك ئاماده‌ن.

H.B