شیعەکان لەسەر مانەوەی عەبدولمەهدی بەسەر دوو بەرە دابەش دەبن

تح و رەوتی حیکمە لەگەڵ مانەوەی عەبدولمەهدین

K24 - ھەولێر

مانەوەی سەرۆک وەزیران لە پۆستەکەیدا لایەنە شیعەکانی بەسەر دوو بەرە دابەشکردووە، بەشێکیان لەگەڵ مانەوە و بەشێکی دیکەیان لەگەڵ لەکارلادانین. هەریەک لە هاوپەیمانێتییەکانی سائیروون و نەسر بە ئاشكرا دژایەتی خۆیان بۆ حکوومەتی ئێستای عێراق راگەیاندووە، لەبەرامبەریشدا هاوپەیمانێتی فەتح و رەوتی حیکمەی نیشتمانیش پشتیوانی خۆیان بۆ حکوومەت دووپاتکردووەتەوە و پێیانوایە، سەرۆکوەزیران دەتوانێت بەسەر قەیرانەکانی ئێستای ئەو وڵاتە سەرکەوێت.

رەوتی حیکمەی نیشتمانی، کە لەدوای چەند مانگێک لە دەستبەکاربوونی حکوومەتی ئێستای عێراق ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆی راگەیاند و رەخنەی لەکارەکانی حکوومەت گرتوو بە لاواز پێناسەیکرد، ئێستا لەگەڵ مانەوەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پۆستەکەیدا.

مەحموود تەڵال، پەرلەمانتاری رەوتی حیکمەی نیشتمانی رایگەیاند "عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق توانای بەڕێوەبردنی وڵاتی هەیە و کەسێکی لێهاتووە".

گوتیشی "لایەن و کوتلە سیاسییەکان لەپێناو بەدەستهێنانی پۆست و ئیمتیازات لە حکوومەت گوشار دەخەنە سەر سەرۆک وەزیران ئەمەش کاریگەری لەسەر جێبەجێکردنی بەرنامەکەی هەبووە".

هاوکات هاوپەیمانێتی فەتح، کە یەکێکە لە گەورەترین کوتلەکانی پەرلەمانە پشتیوانی خۆی بۆ حکوومەت دووپاتکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، ئەوان لەگەڵ مانەوەی سەرۆک وەزیرانن.

لەبەرامبەریشدا، هەریەک لە هاوپەیمانێتی سائیروون و نەسر بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی لەگەڵ لەکارلادانی سەرۆک وەزیرانن و پێیانوایە، بە مانەوەی حکوومەتی ئێستا خۆپیشاندانەکان بەردەوامدەبن و قەیرانەکەش گەورەتر دەبێت.

ئەیات نووری، گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نەسر رایگەیاندووە، هەڵوێستی ئەوان بریتییە لە دەستلەکارکێشانەوەی حکوومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

 جەختیشدەکاتەوە، ئەوان لە کۆبوونەوەکەی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێران لەگەڵ لایەنە شیعەکان بەشدارنەبوون.

هاوپەیمانێتی سائیروونیش هاوشێوەی نەسر لەگەڵ لەکارلادانی حکوومەت و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەن.

عەلی مەهدی، سەرکردە لە هاوپەیمانێتی سائیروون ئاشکرایکرد، دەبێت حکوومەت دەستلەکار بکێشێتەوە و لەسەر پرسی کوژرانی خۆپیشاندەرانیش لێکۆڵینەوە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق بکرێت، چونکە ئەو فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانە.

ھ.م