كوردستان24 ده‌چێته بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا
هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له بنكه سه‌ربازییه‌كانی قامشلۆ و دێرك ده‌مێننه‌وه
K24 – هه‌ولێر:
تیمێكی تایبه‌تی كوردستان24 له‌گه‌ڵ تیمێكی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، به هه‌لیكۆپته‌ری سه‌ربازی له فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازی هه‌ولێره‌وه ده‌چنه بنكه سه‌ربازییه‌كانی هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكا له سووریا و له‌وێ له‌گه‌ڵ فه‌رمانده باڵاكانی سوپای ئه‌مه‌ریكا گفتوگۆ ده‌كه‌ن و باس له ستراتیژیه‌تی ئاینده‌ی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ن له سووریا.
له‌م راپۆرته تایبه‌ته‌دا تیمی كوردستان24 ده‌چێته ئه‌و بنكه سه‌ربازیانه‌ی، كە هێزه نوێیه‌كانی ئه‌مه‌ریكای تێدا جێگیر كراون و باسیش له‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌مه‌ریكا له بنكه سه‌ربازییه‌كانی قامشلۆ و دێرك ده‌مێنێته‌وه.
ده‌قی راپۆرتی نێرده‌ی كوردستان24 كه ورده‌كاری گه‌شته‌كه‌ی له هه‌ولێره‌وه بۆ سووریا ده‌كات:
كاتژمێر هه‌شتی به‌یانییه له فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازی هه‌ولێر. تیمێكی تایبه‌تی كوردستان24 هاوشان له‌گه‌ڵ تیمێكی تایبه‌تی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانانی نێوده‌وڵه‌تی به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا له‌رێگای هه‌لیكۆپته‌رێكی سه‌ربازی له هه‌ولێره‌وه ده‌چینه رۆژئاوای كوردستان و له‌چه‌ند بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی هاوپه‌یمانان له‌و ناوچه‌یه ده‌مێنینه‌وه.
.jpg)
ئه‌و هه‌لیكۆپته‌ره‌ی تیمی كوردستان24ی بۆ رۆژئاوای كوردستان پێده‌چێت، هه‌لیكۆپته‌رێكی سه‌ربازی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكایه و به هه‌لیكۆپته‌ری بلاكهۆك UH-60 ناسراوه و یه‌كێكه له هه‌لیكۆپته‌ره پێشكه‌وتووه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا و له‌ساڵی 2012 دروستكراوه.
كاتێك به‌ڕێده‌كه‌وین به‌سه‌ر ئاسمانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌ر سنووری رۆژئاوای كوردستان تێده‌په‌ڕین و له ئاسمانه‌وه ده‌بینی كه ناوچه‌كی وشك و كاكی به كاكییه، به‌ڵام هه‌روه‌كو رۆژئاواییه‌كان ده‌ڵێن ناوچه‌یه‌كی ئاگرینه و بووه‌ته مایه‌ی نه‌هامه‌تیی و ئاواره‌یی بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی.
دواتر به‌سه‌ر ئاسمانی مووسڵ و شنگالدا تێده‌په‌ڕین، ئه‌و ناوچه‌یه‌ی كه له‌ماوه‌ی پێنج ساڵی رابردوودا زۆرترین وێرانكاری و شه‌ڕی به‌خۆیه‌وه بینووه و بۆ ماوه‌یه‌كیش په‌ناگه‌ی سه‌ره‌كی چه‌كدارانی داعش بووه.
له دوای نزیكه‌ی 90 خووله‌ك به ئاسمانه‌وه دواجار گه‌یشتینه بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكییه‌كان له دێرزوور، له رۆژهه‌ڵاتی سووریا كه ناوچه‌یه‌كه به نه‌وت ده‌وڵه‌مه‌نده و زۆربه‌ی كێڵگه نه‌وتییه‌كانی سووریای لێیه.
ئه‌و بنكه‌یه‌ی هێزه ئه‌مه‌ریكییه‌كانی لێیه سه‌ربازه‌كان سه‌رقاڵی جێگریكردنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانن، ئه‌مه‌ش وه‌كو ئاماژه‌یه‌ك كه ره‌نگه ئه‌مه‌ریكا بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ له سووریا بمێنێته‌وه و مانه‌وه‌كه‌یان كاتیی نابێت و هه‌روه‌كو فه‌رمانده‌كانیش رایانگه‌یاند ئه‌وان هه‌موو توانایه‌كی سه‌ربازیان له‌به‌رده‌سته و ئه‌گه‌ر پێویستیش بوو پشتیوانی زیاتر دێننه سووریا.

مولازم سیندی كینگ، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كانی هێزی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا له سووریا گوتی: "ئه‌ركی سه‌ره‌كی ئێمه تا ئێستاش رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعشه و پاراستنی ئه‌و سه‌قامگیرییه كه له‌م ناوچه‌یه به‌ده‌ستهاتووه. هه‌روه‌ها ده‌مانه‌وێت كه دڵنیاش بین له‌وه‌ی هاوپه‌یمانانمان له ناوچه‌كه به به‌هێزیی بمێننه‌وه. بوونمان له سووریا، رێگریكردنه له‌وه‌ی جارێكی دیكه داعش سه‌رهه‌ڵبداته‌وه".
فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به كوردستان24یان راگه‌یاند، له‌به‌ر هۆكاری ئه‌منی ناتوانن ژماره‌ی ته‌واوی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا ئاشكرا بكه‌ن، به‌ڵام له‌كاتی گه‌شته‌كه‌مان بۆ رۆژئاوای كوردستان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمان، جه‌نه‌ڕاڵ ماڕك میڵی، فه‌رمانده‌ی باڵای هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرایكرد بۆ قۆناغی ئاینده 500 بۆ 600 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له سووریا ده‌هێڵنه‌وه.
به‌پێچه‌وانه‌ی لێدوانه‌كانی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كه چه‌ندین جار دووپاتیكردووه‌ته‌وه ئامانجی ئه‌وان له سووریا پاراستنی كێڵگه نه‌وتییه‌كانه، فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانیان له سووریا رایده‌گه‌یه‌نن، ئه‌ركی ئه‌وان زیاتره له‌وه‌ی ته‌نیا كێڵگه نه‌وتییه‌كان بپارێزن.
جه‌نه‌ڕاڵ ئێریك هیڵ، ئه‌و جه‌نه‌ڕاڵه كه‌سی یه‌كه‌می هێزه تایبه‌تییه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكایه له عێراق و سووریا، ئه‌و باس له‌و ئه‌ركی داهاتووی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له رۆژئاوای كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت ئه‌مه‌ریكا له بنكه‌كانی سه‌ربازییه‌كانی قامشلۆ و دێرك ده‌مێننه‌وه.

جه‌نه‌ڕاڵ ئێریك هیڵ، فه‌رمانده‌ی هێزه تایبه‌ته‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا له عێراق و سووریا گوتی: " كۆتایی داعش به مانای كۆتایی ئه‌ركی ئێمه نایه‌ت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان، له هه‌ندێ ناوچه‌ش داعش به‌نیازه خۆی رێكبخاته‌وه، هه‌روه‌كو ده‌شزانن چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك له‌مه‌وپێش كه‌سی یه‌كه‌می داعشمان كوشت و ئه‌مه‌ش ئه‌ركی ئه‌وانی زه‌حمه‌تتر كردووه. هه‌روه‌كو لای هه‌موو لایه‌كیش ئاشكرایه ئێمه پڕۆسه‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانمان ده‌ستپێكردووه و ژماره‌یه‌ك له هێزه‌كانمان له ناوچه‌كه ده‌كشێنینه‌وه، ئه‌و هێزه‌شی ده‌مێننه‌وه، له رۆژهه‌ڵاتی سووریا ده‌مێننه‌وه و له چه‌ند بنكه‌یه‌كی ناوچه‌كانی دێرزوور، قامشلۆ و دێرك جێگیر ده‌بین و به‌رده‌وامیش ده‌بین له مه‌شقپێكردن و پڕچه‌ككردنی هه‌سه‌ده له‌پێناو له‌ناوبردنی یه‌كجاره‌كی داعش".
دواتر چووینه بنكه‌یه‌كی دیكه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له حه‌سه‌كه، له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا. له‌وێ هێزێكی نوێی ئه‌مه‌ریكی جێگیر كراوه كه بێجگه له ئۆتۆمبێلی سه‌ربازی ناسراو به برادلی، زرێپۆش و هه‌لیكۆپته‌ری ئاپاتچی و هه‌روه‌ها پێشكه‌وتووترین سیسته‌می تۆپخانه لێیه كه به قسه‌ی فه‌رمانده‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی، گوله هاوه‌نه‌كانیان توانای پێكانی ئامانجه‌كانانیان به دووریی 60 كیلۆمه‌تر هه‌یه.
مولازم كڕۆموێڵ، فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی تایبه‌تی تۆپخانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سووریا گوتی: "هه‌ماهه‌نگییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده هه‌یه و سیسته‌می تۆپخانه‌كانمان لێره ئاماده‌یه و هه‌ر كاتێك ئامانجێكی داعشمان بووێت، هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئامانجانه ببپێكین و هاوه‌نه‌كانمان توانای هه‌یه به دووریی 60 كیلۆمه‌تر ئامانج بپێكێت".
له دوای هێرشه‌كانی ئه‌مدوایه‌ی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه سنوورییه‌كانی باكووری سووریا، هه‌ست ده‌كه‌یت كه رۆڵی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا هاتووه له‌و ناوچه‌یه، خۆشیان نایشارنه‌وه كه له‌مه‌وپاش ئه‌ركی داهاتوویان له ناوچه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی سووریا ده‌بێت نه‌ك له‌سه‌ر سنووری توركیا - سووریا.
دوای به‌سه‌ربردنی رۆژێكی ته‌واو له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكییه‌كان له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سووریا، تیمی كوردستان24 به هه‌لیكۆپته‌ری سه‌ربازی به تاریكی گه‌ڕایه‌وه هه‌ولێر و كاتێكیش به ئاسمانه تاریكه‌كه‌ی ناوچه‌كه‌دا تێده‌په‌ڕێ هه‌ست ده‌كه‌یت كه ئاینده‌ی ناوچه‌كه‌ش تاریكه و دیارنییه چی شه‌ڕ و ناكۆكییه‌كی نوێ چاوه‌ڕێی گه‌لی ناوچه‌كه ده‌كات.