مەسرور بارزانی داوا لە ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكات ھاوكاری حكوومەت بن
جەخت لەسەر گرنگی رۆڵی چاودێریی ئەنجوومەنی پارێزگاکان كرایەوە
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە 2019/11/12 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر گرنگی رۆڵی چاودێریی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە سەر دامەزراوەکانی حکوومەت لە چوارچێوەی سنووری پارێزگاکان کرایەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، جەخت لەسەر گرنگی رۆڵی چاودێریی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە سەر دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سنووری پارێزگاکان کرایەوە. هەروەها ئاماژە بە گرنگیی رۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کرا لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت بەتایبەتیش لە جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازی و بەدامەزراوەییکردن و رێکخستنەوەی داهات و خەرجییەکان بە جۆرێک کە هاوسەنگی لە بەرچاو بگیرێت.
سەرۆکی حکوومەت داوای لە ئەنجومەنی پارێزگاکان کرد کە هاوکاری حکوومەت بن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی و بە ئاراستەی نەهێشتنی رۆتین و ئاسانکاریکردن لە راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە کە فەرمانبەرانی حکوومەت لە سەرۆکی حکوومەت و وەزیرەکانەوە تا بچووکترین فەرمانبەر لە دەزگاکانی حکوومەتدا، ئەرکیان خزمەتکردنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە بەبێ جیاوازی، لە هەمانکاتدا پێویستە مافەکانی فەرمانبەرانیش لە بەرچاو بگیرێت.
سەرۆكی حكوومەت گوتیشی، پێویستە کار بکەین بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەمان لە بەکارهێنەرەوە بکەینە بەرهەمهێنەر.


