ئەنجامدەری سەرەكی تەقینەوەكەی قامشلۆ دەستگیر كرا

ژمارەیەك كەس ھاوكاریان كردووە

K24 - قامشلۆ

ئەنجامدەری سەرەكی تەقینەوەكەی رۆژی دووشەمەی رابردووی قامشلۆ دەستگیر كرا و ئاشكرا كراوە كە ژمارەیەك كەسی دیكە ھاوكاریان كردووە بۆ كردەوەكە.

پەیامنێری كوردستان24 لە قامشلۆ رایگەیاند: "دوای تەماشاكردنەوەی كامیرایەكی چاودێری و گەڕان بە دوای ئەنجامدەری تەقینەوەكەی 11ی ئەم مانگەی قاشملۆ، ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان ئەنجامدەری سەرەكی تەقینەوەكەی بە ناوی ئەحمەد جاسم مستەفا دەستگیر كرد".

گوتیشی: "دەركەوتووە كە ژمارەیەك كەسی دیكە ھاوكاریان كردووە لە ئەنجامدانی تەقینەوەكە".

ئاسایش بلاوی كردووەتەوە، بەگوێرەی لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوەكانیان، ئەنجامدەری سەرەكی فەرمانەكانی لە كەسێك وەرگرتووە كە لە توركیا نیشتەجێیە.

رۆژی دووشەممە سێ تەقینەوە لە قامشلۆ روویاندا و لە ئەنجامدا شەش ھاووڵاتی سڤیل شەھید بوون و زیاتر لە 40 كەسی دیكەش بریندار بوون.

 ھ.م