هه‌ندێك لایه‌نی عێراقی هه‌وڵ بۆ گۆڕینی سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی له عێراق ده‌ده‌ن
"به‌م هه‌نگاوه عێراق راده‌ستی تاکە کەسێك ده‌كرێت و دژی ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كورده"
K24- هه‌ولێر:
ھەندێ لایەنی سیاسی عێراق هەوڵ بۆ گۆرینی سیستەمی سیاسی عێراق دەدەن، بە رای شارەزایان، گۆرینی سیستەمی سیاسیش پشتکردنە لە دەستوور و گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ حوكمی تاکە کەسی لە عێراق.
له‌كاتێكدا ھەندێك لایەنی سیاسی عێراق سوورن لەسەر گۆرینی سیستەمی سیاسی له وڵات و دەیانەوێت سیستەمی سەرۆکایەتی شوێنی سیستەمی پەرلەمانی بگرێتەوە، کورد ھەموو ھەوڵێکی لەو شێوەیە رەتدەکاتەوە، جەمال قاسم، سه‌رۆكی یەکێتی پەرلەمانتارانی کوردستانیش ده‌ڵێت: رۆژانە رێنمایی دەدەنە ئەندامە کوردەکانی لێژنەی ھەموواری دەستوور، کە رێگە بە گۆرینی سیستەمی سیاسی عێراق نەدەن، چونکە ئەو هه‌نگاوه‌ش دژی ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گەلی کوردە.
بە گۆرینی سیستەمی سیاسی عێراق، پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتی کۆماری عێراق نامێنن، لە بەرامبەردا تاکە کەسێك حوکمرانی عێراق دەکات، له‌مباره‌شه‌وه دکتۆر محەمەد شەریف، ئەندامی خولی یەکەمی پەرلەمانی عێراق پێی وایە، دەستووری ئێستای عێراق لە ناوچەکە شازە، بۆیە پێویست به گۆرینی ناكات.
ئێستا خەریکە تۆزی خۆپیشاندانەکانی عێراق لەسەر ھەرێمی کوردستان دەنێشێتەوە، کە بە رای شاره‌زایان، لە لایەك مەترسی لەسەر مافە دەستووریەکانی گەلی کورد درووست کردووە، لە لایەکی دیکەشەوە پێدەچێت بە گۆڕینی سیستەمی سیاسی، جارێکی دیکە سەرۆکی کۆمار بەر کورد نەکەوێت.
H.B