بەرپرسانی ئێران ھەڵوێستی خۆیان لەبارەی کوژرانی بەغدادی رادەگەیەنن
"داعش دروستکراوی ئەمەریکا و ئیسرائیلە"
K24 - ھەولێر
بەرپرسانی ئێران کوژرانی ئەبوبەکر بەغدادی بە رووداوێکی زۆر گەورە نابینن، لە یەکەم کاردانەوەدا گوتەبێژی حکوومەتی ئێران چوونەدەری ئەمەریکا لە ناوچەكە بە تاکە رێگەی کۆتاییهێنان بە تیرۆر ناودەبات، هاوکات بەرپرسانی دیکەش داعش بە دروستکراوی ئەمەریکا دەزانن و کوژرانی بەغدادیش بە پیلانگێری ناودەبەن.
گومان، دوو دڵی و پیلانگێری یەكەم كاردانەوەی بەرپرسانی ئێران بەرامبەر كوژرانی ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعشە، ئەگەرچی تاكوو ئێستا لەئاستی سەرۆك كۆمارو تەنانەت وەزیری دەرەوەی ئێران لێدوان و ھەڵوێستێكی فەرمیان نەبووە، بەڵام لەئاستی خوارتردا چەندین لێدوان دراون و ھەندێك وتاریش نووسراون.
عەلی رەبیعی گوتەبێژی حكوومەتی ئێران لە وتارێكدا رایگەیاند، كە كۆتایی ھێنان بە بەغدادی كۆتایی ھێنان بە داعش و تیرۆر نییە، ئەو دەڵێ ھەتا ئەمەریكا لە ناوچەكەدا بمێنێتەوە ئەو تیرۆریستانەش ھەر دەمێنن و بە جلوبەرگ و شێوازی جیاواز سەر ھەڵدەدەنەوە، ھەر بۆیە رەبیعی داوا لە ئەمەریكا وەكوو بكوژی خەلیفەی داعش دەكات، لە ناوچەكە بڕوات.
ئەگەرچی رەبیعی بەشێوەیەك دیپلۆماسیانە و ھێورتر كوژرانی بەغدادی بۆ رەخنەگرتن لە ئەمەریكا بەكارھێنا، بەڵام ھەشبوون كە زۆر راشكاوترو تووندتر قسەیان كرد.
حوسێن عەبدوڵاھیان، یاریدەدەری سەرۆكی پەرلەمانی ئێران بۆ كاروباری دەرەوە لە پەیامێكدا ئاماژەی بەوەدا "داعش بوكەڵەیەكی ئەمەریكی- ئیسرائیلی بوو كە بە دۆلارەكانی سعودیە ناوچەیان ئاگرتێبەردا و قازانجەكەشی بۆ زاھیۆنییەكان بوو"، ئەوەش ھەڵوێستێكی روونی دیكەی بەرپرسانی ئێران بۆ تۆمەتباركردنی ئەمەریكا لە دروستبوونی داعشە.
تەنانەت ئەوانەی كەمتر سیاسیشن لە ئێران قسەیان لەسەر كوژرانی خەلیفەی داعش بەدەستی ئەمەریكییەكان كرد، عەباس ساڵحی وەزیری كولتوورو رێنوێنی ئیسلامیش لە تویتێكدا رایگەیاند "ساڵانێكە لە رێگەی ئەلقاعیدە و تاڵیبان و داعش ناوچەیان تێكداوەو ناوە ناوەش لاشەیەك بەناوی مەلا عومەرو بن لادن و بەغدادی نیشانی خەڵك دەدەن".
بە گشتی بە لێدوانی بەرپرسانی ئێران و نووسین و لێكدانەوە رۆژنامەوانییەكانی ئێرانەوە دیارە كە نایانەوێ كوژرانی خەلیفەی داعش بە دەست ئەمەریكییەكانەوە بە رووداوێكی گەورە ناوببەن و پێشیانوایە بكوژەكانی بەغدادی دروستكەری بوونە.
ھ.م