چەند بەڕێوەبەر و بەرپرسێكی ئیداری لە ھەولێر دەست بەكار دەبن
لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگیان پێدەدرێت
K24 - ھەولێر
ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر دەنگ لەسەر چەند بەڕێوەبەر و بەرپرسێكی ئیداری دەدرێت كە لەكارەكانیان دەستبەكار دەبن.
كەنعان خەیلانی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ جێگرێكی دیكە بۆ ھەولێر لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەخرێتە دەنگدان و دواتر دەستبەكار دەبێت، كە بەپێی یاسا دەبێ پارێزگار دوو جێگری ھەبێت، بەڵام تائێستا پارێزگار یەك جێگری ھەبوو، ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگ لەسەر جێگرێكی دیكە دەدرێت".
گوتیشی: "بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەولێر لەم كابینەیە وەك وەزیری تەندروستی دەستبەكاربوو تائێستا شوێنەكەی پڕ نەكرابووەوە، ئەمڕۆ كەسێكی دیكە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە دەخرێتە دەنگدانەوە".
گوتیشی: "دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە پۆستە ئیدارییەكان كرا و چەند پۆستێكیش بە بەتاڵی مابوونەوە".
ھ.م