یەكێتی لەبارەی بەستنی كۆنگرە روونكردنەوە دەدات
"نابێ لە ھەزار كەس زیاتر بەشداری كۆنگرە بكات"
K24 - ھەولێر
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبارەی بەستنی كۆنگرەی حزبەكەیان روونكردەوە دەدات و رایدەگەیەنێت، ھەڵبژاردنی نوێنەری كۆمیتەكان بۆ كۆنفرانسی مەڵبەندەكان دەستیپێكردووە و بەپێی پەیڕە و نابێ ئەندامانی كۆنگرە لە ھەزار كەس زیاتر بێت.
لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی رایگەیاند: "ھەڵبژاردنی نوێنەری كۆمیتەكان بۆ كۆنفرانسی مەڵبەندەكان دەستیپێكردووە و دووسبەی كۆتایی دێت، بەشداربووانی كۆنگرە بەپێی پەیڕەوە و نابێ لە ھەزار كەس تێپەڕێت".
گوتیشی: "لە رووی ھونەرییەوە كارەكانی كۆنگرە تەواو بووە و یەكەم كۆنگرەیە كە پاش كۆچی دوایی مام جەلال دەبەسترێت، ماوەیەكی زۆرە یەكێتی كۆنگرەی نەبەستووە".
سەعدی پیرە راشیگەیاند: "ئەو كۆنگرەیە ئامانج نییە، بەڵكو ئامرازێكە بۆ نوێكردنەوەی سەركردایەتی و بەرنامەی سیاسیی و حوكمرانی یەكێتی".
لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی گوتی: "بارودۆخی ئێستای عێراق زۆر ئالۆزبووە، بەڵام لەم ھەموو خۆپیشاندەرانە ھیچ كەسێكمان نەبینی دژی ھەرێمی كوردستان قسە بكات وەك ھەندێك لە سەركردەكانی عێراق، بەڵكو شەقامی عێراقی دژی شێوەی حوكمرانی و نەبوونی خزمەتگوزارییە لە شارەكانی عێراق".