بەشی دەرھێنان و نوێكردنەوەی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل لە سۆران دەكرێتەوە
وەزیری ناوخۆ لەگەڵ بەرپرسە ئیداریی و ئەمنییەكانی سۆران كۆدەبێتەوە
K24 - ھەولێر
پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەری سۆران رایگەیاند: "وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریداوە لە ئایندەیەكی نزیكدا بەشی دەرھێنان و نوێكردنەوەی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل لەناو بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆ سۆران بكرێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر شوفێران بۆ ئەم مامەڵانە سەردانی ھاتووچۆی ھەولێر نەكەن".
ئاماژەی بەوەشدا: "وەزیری ناوخۆ لەگەڵ قایمقامی ھەر چوار قەزای سۆران، رواند، چۆمان، مێرگەسۆر، و سەرجەم بەڕێوەبەری ناحیەكان و بەرپرسانی ئەمنی ناوچەكە كۆبووەتەوە و لە نزیكەوە لە كەموكوڕییەكان دەكۆڵێتەوە".
كرمانج عزەت، قایمقامی سۆران بە كوردستان24ی راگەیاند: "كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێم پلانی زۆر گرنگی ھەیە، بۆ ئەوەی بتوانین كەموكوڕییەكانی رابردوو بە چارەیان بكات و پەرە بە پڕۆژەكانیش بدات. لە سەردانی ئەمڕۆشیدا بۆ دەڤەری سۆران وەزیری ناوخۆ نووسینگەی پاسپۆرت و نشینگەی كردەوە و سەردانی ھاتووچۆی سۆرانیش كرد بۆ جێبەجێكردنی ئەو بڕیانەی لەبارەی تەواوكردنی بەشەكانی ھاتووچۆ دراوە".
ئەمڕۆ رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان بە یاوەری فرسەت سۆفی پارێزگاری ھەولێر، سەردانی دەڤەری سۆرانی كرد، لەوێ نووسینگەی پاسپۆرتی كردەوە و راشیگەیاند، لە داھاتوویەكی نزیك نووسینگەی پاسپۆرت لە چەند ناوچەیەكی دیكە دەكەنەوە.
ھ.م