قوباد تاڵه‌بانی: هه‌ماهه‌نگییه‌كی به‌هێزم له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكوومه‌ت هه‌یه
"دەتوانین یارمەتیدەرێكی باش بین بۆ یەكتری"
K24 - دھۆك
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، هه‌ماهه‌نگیی و په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه له تاووتوێكردنی پرسه گرنگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ده‌شڵێت كه پێویستە ئەو ھەماھەنگییە بۆ خوارەوە شۆڕ ببێتەوە.
گوتیشی: "ده‌توانین پێكه‌وه یارمه‌تیده‌رێكی باش بین بۆ یه‌كتری له پێشخستنی كاره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان".
قوباد تاڵەبانی، راشیگەیاند: "ئێستا كەوتووینەتە ناو كاری گەرماوگەرمی حكوومی و كارنامەیەكی تۆكمەمان ھەیە، بەرچاومان روونە كە دەبێ لەم چوار ساڵە چی بكەین، ئەولەویەت و تەركیزی خۆمان تەرخان كردووە بۆ چاكسازیی حوكمڕانی، بۆ ئەوەی بتوانین خزمەتی زیاتری كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەین. راستە ئەمانە دروشم و روئیان، بۆ جێبەجێكردنی پێویستمان بە یەك تیمیی و ھەماھەنگییە، ئەو روئیایە كە رێككەوتنی نێوان سێ لایەنی سەرەكی سیاسییە، دەمانەوێت جێبەجێی بكەین. وەك خۆم خۆشحاڵم كە تائێستا ھەماھەنگیی بەھێز ھەیە لەنێوان سەرۆكی حكوومەت و بەندە و ئەنجومەنی وەزیراندا هه‌یه. ئێستا گرنگ ئەوەیە ئەو ھەماھەنگییەی كە لەنێوان ئێمەدا ھەیە، بۆ خوارەوە شۆڕ ببێتەوە".
جێگری سەرۆكی حكوومەت، جەختی كردەوە: "ھەماھەنگیی زۆر باش لە نێوان من و سەرۆكی حكوومەت ھەیە، بیروبۆچوون و ڕای یەكتر لەسەر بابەتە گرنگەكان وەردەگرین، پێموایە دەتوانین یارمەتیدەرێكی باش بین بۆ یەكتری، ھیوادارم ئەو پێكەوە كاركردنەمان ببێتە ھێزێك و شۆڕ ببێتەوە بۆ دامودەزگاكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان. من لەو دۆخە (قەلەق) نیگەران نیم و ھەق نییە ھیچ كەسێكیش قەلەق بێت".
لەبارەی یەكخستنەوەی نێوماڵی كورد، قوباد تاڵەبانی گوتی: "مێژوو سەلماندویەتی ھەر كاتێك كورد یەك بووە، سەركەوتووە، كەی درز كەوتووەتە نێو ماڵی كورد، شكستی ھێناوە، بۆیە پێویستە ھەموومان قوتابی زیرەكی مێژوو بین، ببینین پێشتر كە یەك بووین چیمان ئەنجام داوە و چۆن توانیومانە سەركەوین. ئەمڕۆ ئەركێكی گەورە كەوتووەتە سەر شانی ھەموو بەرپرسانی لایەنە سیاسییەكان، دەبێ یەكڕیزی و یەك ئاراستەیی خۆمان بپارێزین، ئێمە بە جیاوازییەكانمانەوە جوانین، بێگومان ناكۆكیمان دەبێت، بەڵام لەسەر پرسە ستراتیژییەكان دەبێ یەك دەنگ و یەك ھەڵوێست بین، بۆ ئەوەی ھەم بەرنامەی خۆمان لە حكوومەتی ھەرێم جێبەجێ بكەین، ھەمیش ئەو تەحەدیانەی كە لە بەرامبەرمان ھەن لە بەغدا و شوێنەكانی دیكە، لە دژیان بوەستینەوە".
ئەو قسانەی قوباد تاڵەبانی لە میانەی دیدارێکی تایبەتی بوو لەگەڵ هاوکارمان فەرهاد رەسووڵ لە پەراوێزی دیداری زانکۆی ئەمەریکی لە کوردستان، کە ئەمڕۆ و سبەی له شاری دهۆک بەڕێوە دەچێت.
ھ.م