رێبه‌ر ئه‌حمه‌د: ده‌بێت كێشه‌كانمان له به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین
ده‌بێت ئه‌جێندایه‌كی عێراقی هه‌بێت
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د له میانی به‌شداریكردنی له پانێلێكی دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له دهۆك رایگه‌یاند، پێش ئه‌وه‌ی قه‌یرانی ئابووری و خزمه‌تگوزاری له عێراق هه‌بێت، ده‌وڵه‌تی عێراق قه‌یرانی سیاسی هه‌یه. گوتیشی: هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به گفتوگۆ ده‌كات و ئێمه‌ش ئاماده‌ین به گفتوگۆ كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
له میانی پانێله‌كه‌یدا وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان گوتی: "بۆ ئه‌وه‌ی باس له كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا بكەین، پێویسته تۆزێك وێنه‌كه گه‌وره‌تر ببینین. بزانین عێراق له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك درووست بووه. بۆ ئه‌وه‌ی له‌یه‌ك حاڵی بوون له بنه‌ماكانی درووستبوونی ده‌وڵه‌ت هه‌بێت. زۆربه‌ی وڵاتان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتیان و ئه‌و گه‌لانه‌ی ناوچه‌كه درووست نه‌بوون، له ئه‌نجامی رێككه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تی له دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی درووست بوون. ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ حاڵه‌تی عێراق، له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌ت و پێكه‌وه ژیان درووست بووه. دوو پێكهاته‌ی سه‌ره‌كی له كاتی درووستبوونی ده‌وڵه‌ت، له عێراقدا هه‌بوون له (1921) ئه‌وانیش كورد و عه‌ره‌ب بوون".
گوتیشی: "ئایا سیستمی ده‌سه‌ڵاتدارێتی پێگیر بووه له درووستبوونی ئه‌و شه‌راكه‌ته؟ به دڵنیاییه‌وه شكستیهێناوه. عێراق هێشتا له قۆناغی درووستبووندایه. دوای (100) ساڵ هێشتا ده‌وڵه‌تی عێراق درووست نه‌بووه، به‌و شێوه‌یه‌ی كه ده‌ربڕی خواستی ته‌واوی پێكهاته‌كانی بێت. كێشه‌كه له‌وه دایه، ده‌بێت ئێمه باوه‌ڕ به‌یه‌ك بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی به‌یه‌كه‌وه بژین، ده‌بێت متمانه‌یه‌كی كامڵ هه‌بێت، له نێوان پێكهاته‌كان، كه موماره‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له به‌غدا بكه‌ن".
هه‌روه‌ها گوتی: "له مێژووی عێراقدا كێشه‌ی نه‌بوونی متمانه له نێوان پێكهاته‌كان هه‌بووه و هه‌روه‌ها به‌كارهێنانی چه‌مكی هێز رۆڵی له كێشه‌كان هه‌بووه. كاتێك بێهێز بیت پێكهاته‌كان كۆبكه‌یته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت درووست بكه‌یت و ئه‌گه‌ر به‌هێز بیت، پشتیان تێبكه‌یت، ئه‌و تێگه‌یشتنه ده‌بێت بگۆڕدرێت و نابێت بۆ سێكته‌رێكی ئایینی، یان پێكهاته‌یه‌ك كار بكرێت".
وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان روونیشیكرده‌وه، "له عێراق كێشه‌یه‌كی مه‌زهه‌بیش هه‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین ده‌بێت ده‌ستبخه‌ینه سه‌ر كێشه‌كان و بڵێین كێشه‌مان هه‌یه. به موجامه‌له وڵات درووست ناكرێت. موجامه‌له له پرۆسه‌ی سیاسی نییه. ئێستا قه‌یرانێكی سیاسی له عێراق هه‌یه. پێش ئه‌وه‌ی قه‌یرانێكی ئابووری و خزمه‌تگوزاری هه‌بێت. قه‌یرانه‌كه سیاسییه له نێوان پێكهاته‌كان".
باسی له‌وه‌شكرد، "له (85) ساڵی رابردوو، برایانی سوننه حوكمڕان بوون و ئه‌وانی دیكه له ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات بوون. له دوای (2003)ه‌وه سیستم گۆڕا و برایانی شیعه ده‌سه‌ڵاتیان گرته ده‌ست. ئێستا برایانی سوننه له ئه‌نجامی سیاسه‌ته چه‌وته‌كان چوونه پاڵ به‌شێك له تیرۆریستان بۆ ئه‌وه‌ی داهاتوویه‌ك بۆ خۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن. ئێمه ئێستا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌نجامه‌كان ده‌كه‌ین و باسی كێشه‌كان و هۆكاره‌كانی كێشه‌كان ناكه‌ین".
رێبه‌ر ئه‌حمه‌د جه‌ختیكرده‌وه، "نه ئێمه و نه كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و نه دراوسێكان ئاماده نین باس له ره‌گوڕیشه‌ی كێشه‌كان بكه‌ن. بۆیه كاتێك باسی كێشه‌كان ده‌كرێت، له قۆناغی جیاجیا سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه. ئه‌زموونی عێراق ئه‌وه‌ی ده‌رخستووه. به تێڕوانینی من پێویست ده‌كات، پێكهاته‌كان له به‌غدا و چاره‌سه‌ریش له به‌غدایه ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكه‌ن. ئێمه‌ش بڕوامان وایه ده‌بێت كێشه‌كانمان له به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین. له‌گه‌ڵ ده‌سته‌بژێری سیاسی و رۆشنبیری عێراق گفتوگۆ بكرێت و رێز له ئیراده‌ی خه‌ڵك بگیرێت".
له باره‌ی گفتوگۆی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش گوتی: "ئێمه له قۆناغی دوای شه‌ڕ ئێستا دوو كابینه‌ی نوێ هه‌ن. دوای دوو شه‌ڕ كه شه‌ڕێكی ناوخۆی له نێوان هه‌رێم و به‌غدا له 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 و شه‌ڕی داعش روویاندا. ئێستا له سه‌رده‌می هه‌ردوو كابینه نوێیه‌كه‌دا ده‌رفه‌تێكی دیكه هاتووه‌ته پێش وه‌ك ده‌رفه‌تی (1921) و ده‌رفه‌تی (2003) و به هیوای ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر بكه‌ین".
له كۆتایی وته‌كانیدا رێبه‌ر ئه‌حمه‌د گوتی: "ئیراده‌یه‌كی به‌هێزمان هه‌یه، چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا به گفتوگۆ و له‌یه‌ك تێگه‌یشتن بگه‌نه ئه‌نجام. ده‌بێت عێراق ئه‌جێندایه‌كی عێراقی هه‌بێت، نه‌ك ئه‌جێندای ده‌ره‌كی".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "له هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین گفتوگۆ له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران بكرێت و نوێنه‌رایه‌تی خۆپیشانده‌ران دیار بێت و ئه‌وه‌ی ئێمه تێگه‌یشتوون، دۆستانمان له به‌غدا نه‌یانتوانیوه له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی خۆپیشانده‌ران دابنیشن. ناكرێت دامه‌زراوه‌كان تێكبدرێت و دواتر كێ درووستیان ده‌كاته‌وه. ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن بكرێت، خۆ ده‌بێت دامه‌زراوه هه‌بێت ئه‌و هه‌ڵبژاردنه به‌ڕێوه‌به‌رێت. حكومه‌تی داهاتووش هه‌مان ئه‌و كێشانه‌ی بۆ ده‌مێنێته‌وه. بۆشایی دامه‌زراوه‌ی ئیداری و ده‌ستووری له به‌رژه‌وه‌ندی عێراق نییه و هه‌تا پێمان ده‌كرێت هۆكاری چاره‌سه‌ر ده‌بین و هه‌وڵیش ده‌ده‌ین هاوكاری به‌غدا بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وینه ئه‌و بۆشاییه‌وه".