مەلا بەختیار: جێبەجێ نەكردنی دەستوور عێراقی دووچاری چەندین كێشە كردووە
" 44 كابینەی حكوومەت نەیانتوانیوە كێشە ئابووریی و سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكانی چارەسەر بكەن"
K24 - ھەولێر
مەلا بەختیار، لێپرسراوی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە میانی بەشداریكردنی لە پانێلی (ههولێر و بهغداد) لە دیداری ئاشتی و ئاسایشی رۆژههڵاتی ناوهڕاسته لە زانكۆی ئهمهریكی له دهۆك رایگەیاند "جێبەجێ نەكردنی دەستوور عێراقی دووچاری چەندین كێشە كردووە و ھەندێك لە وڵاتانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست تەنھا بە رواڵەت لەم سەردەمەدان، بۆیە ناتوانن پابەندبن بە دەستوور و بنەماكانی دیموكراسیی و مەدەنی".
مەلا بەختیار، رایگەیاند: "رووداوەكانی ئێستای رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەریخست ھەندێك وڵات بە رواڵەت لەم سەدەیەن، بەڵكو لە جەوھەردا ھێشتا لە سەدەكانی ناوەڕاست دان، وەرچەرخان بە مانای مۆدێرنیەت و دیموكراستی و مەدەنی و پابەندبوون بە دەستوور لەم وڵاتانە بوونی نییە، بۆیە كاتێك ئەو وڵاتانە تووشی قەیران دەبن دەگەڕێننەوە خاڵی سفر و بیر لەوە دەكەنەوە چۆن بنیاتی بنێنەوە، ئەمە خاڵێكی جەوھەری و ستراتیژییە، تا ئەم وڵاتانە لە ھەژموونی سەدەكانی ناوەڕاست رزگار نەبن ناتوانن بێنە ئەم سەردەمە، ناشتوانن بەپێی ھەلومەرجی ئەم سەردەمە كێشەكان چارەسەر بكەن، چونكە چارەسەركردنی كێشەكان تەنھا بە رێگەی دیموكراسی و پابەند بوون بە دەستوور دەبێت".
مەلا بەختیار گوتی: "لە مێژووی عێراقدا 44 كابینە دروست كراون، بەڵام ھیچیان نەیانتوانیوە كێشە ئابووریی و سیاسیی و كۆمەڵایەتییەكانی عێراق چارەسەر بكەن".
گوتیشی: "لە مێژووی ھەندێك كابینەی حكوومەت باشترین زیندان و خراپترین قوتابخانە لە عێراق ھەبووە، بۆیە دەكرێ بڵێین قەیرانی ئەم جۆرە وڵاتانە قەیرانی بنچینەییان ھەیە".
مەلا بەختیار، راشیگەیاند: "ئێستا كە لەسەردەمی جیھانگیرین نەوەیەك پەیدا بووە لەژێر ھەژموونی رابردوو نین تا ھەموو شتێكی ئەم حكوومەتانە قبووڵ بكەن، بۆیە راپەڕین دروست دەبێت و ئاراستەكان دەگۆڕن".
ئاماژەی بەوەشكرد: "بۆ ھەرێمی كوردستان گرنگترین شت جێبەجێكردنی دەستوورە لە عێراق، لە دوای 2003 تائێستا دەستوور جێبەجێ نەكراوە، بۆیە رووبەڕووی چەندین كێشە بووینەتەوە، كێشەی ئابووری ھەبوو نانیان بڕین، ریفراندۆم كرا پەلاماریان داین، 16 ساڵە بۆ جێبەجێكردنی دەستوور ھاتووچۆمان پێدەكەن، ئەمانە كێشەی گەورەن و لە ئەستۆی ئەم حكوومەتانەدان".
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا مەلا بەختیار ئەوەی خستەڕوو: "ئەگەر حكوومەتی عێراق بیەوێت خۆی لەم كێشانە دەرباز بكات، پابەندبوونە بە دەستوور، تا دەستوور جێبەجێ نەكەن مەحاڵە كێشەكان چارەسەربن، ئێستا مەترسی ئەوەش ھەیە ئەگەر ھەمواركردنەوەی دەستوور بكەوێتە دەست ھەندێك كەس لە عێراق، ئەوا لە روانگەی نا دیموكراسییەوە دەستوور ھەموار دەكەنەوە و عێراق دەبەنەوە بۆ گێژاوی رابردوو، بۆیە ھیوادارم راپەڕینەكانی ئێستا عێراق ببەنە قۆناغێكی دیكەوە بۆ ھەموو پێكھاتەكان".
راشیگەیاند: "دەبێ پەیوەندییەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق لە پەیوەندییەكی كلاسیكییەوە بگۆڕێت بۆ پەیوەندیی ئەم سەردەمە، دەبێ بەپێی پێویستییەكانی ئەم سەردەمە كێشەكانمان چارەسەر بكەین".
ھ.م