کەشێکی ئەمنی تووند لە ئێران سەپاوە
رێگای دەستکەوتنی زانیاری دژوار کراوە
K24 – ههولێر:
بە گوێرەی هەواڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ كهشێكی قورسی ئەمنی بەسەر هەموو شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا سەپاوە.
هەروەها، بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێت و کۆنترۆڵی هێڵەکانی تەلەفۆن بە شێوەی سەرتاسەری، زانیاریی تەواو لەسەر بەردەوامی خۆپیشاندانەکان دەست ناکەوێت.
پچرانی ئینتەرنێت بە فەرمانی ئەنجومەنی ئاسایشی ئێران بەردەوامە و دەستگەیشتن بە زانیاری دژوارە.
شەش رۆژ لەمەوبەر حکومەتی ئێران نرخی بەنزینی سێ هێندە بەرز کردەوە، کە لە هەموو شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ناڕەزایەتی لێکەوتەوە و بووە هۆی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری دژی سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران.
هەر ڕۆژی دووەمی خۆپیشاندانەکان حکومەتی ئێران بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی ئەو وڵاتە، هێڵەکانی ئینتەرنێتی پچڕاند و سانسۆری لەسەر هەموو ڕاگەیاندنەکان دانا، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی دەستگەیشتن بە هەواڵەکان لە ناوخۆی ئێران قورستربێت، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ناوبەناو زانیاری بڵاو دەکرێتەوە.
هەرچەند هیچ ئامارێکی فەرمی لە ژمارەی کوژراو و بریندارەکان بڵاو نەکراوەتەوە و ئەو ئامارانەش کە بڵاو دەکرێنەوە جیاوازییان تێدایە، بەشێوەیەکە هەندێک باس لە کوژرانی زیاتر لە 200 کەس و هەندێکیشیان باس لە کوژرانی ژمارەیەکی زیاتر دەکەن، بەڵام دوێنێ ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی کوژرانی 106 کەسی پشتڕاست کردبووەوە، کە زۆرترین ژمارەی کوژراوەکان هی شاری کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، کە کوژرانی 16 کەس لەو شارە پشتڕاست کراوەتەوە، دوای ئەوەش شاری جوانڕۆ لە پارێزگای کرماشان بە 14 کوژراو و ماهشەهر لە پارێزگای خوزستان بە 14 کوژراو و شاری مەریوان لە پارێزگای سنە بە 9 کوژراو زیاترین قوربانییان داوە.
ئەمانەش لە کاتێکدایە، عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران ڕایگەیاندووە، کە کۆتاییان بە چالاکییەکانی گەلانی ئێران هێناوە، کە ئەوان بە دوژمن و دەستی دەرەکی لە قەڵەمی دەدەن.
بەدەر لەمانەش بەردەوام بوونی ئێران لەسەر بڕیاری پچڕاندنی ئینتەرنێت ناتوانێت زۆر کاریگەر بێت و بەڵکو کێشەی بۆ دەخولقێنێت، چونکە ئێران زیانی 400 ملیۆن دۆلاری بەهۆی بچڕانی هێلەکانی ئینتەرنێتەوە کردووە.
H.J