هۆشداری له‌ كه‌ڵه‌كه‌بوونی زیاتری كێشه‌كانی عێراق ده‌درێت

لایەنە کوردستانیەکان جێبه‌جێكردنی داواكاریه‌كان له‌ ماوه‌ی ئه‌و 45 رۆژه‌دا به‌ ئه‌سته‌م ده‌زانن

K24- هه‌ولێر:

لایەنە سیاسیەکان مۆڵەتی 45 رۆژ دەدەنە عادل عەبدول مەهدی، بۆ گۆڕانکاری لە کابینەکەی و چاکسازی و روبەروبوونەوەی گەندەڵی و هەمواری ژمارەیەك پرۆژە. لایەنە کوردستانیەکانيش ئەم 45 رۆژە بۆ بەشێك لە داواکاری لایەنەکان بە ئەستەم دەزانن. لایەنەكانیش دەڵێن: ئەگەر لە دوای ئەم 45 رۆژە سەرۆك وەزیران نەیتوانی داواكاریەكان جێ بەجێ بكات، ئەوا كێشەكان ئاڵۆزتر دەبن.‎

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌ باس لە رێککەوتنی لایەنە عێراقیەکان دەکات، کە پارتی و یەکێتی تێدا بەشدار بوون, به‌لام وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، جيبه‌جيكردنى داواکاری لایەنەکان لەو 45 رۆژە بە ئه‌سته‌مه‌.

هاوكات ئازاد جوڵا، ئەندامی مەکتەبی پەیوەندیە گشتیەکانی یەکێتی ده‌ڵێت: بەشێك لە داواکاریەکان لەو 45 رۆژەدا جێبەجێ ناكرێن، بۆ دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکان و دۆزینه‌وه‌ی رێگەی دیکە، لایەنەکان خۆیان لە وەڵامی ئەم پرسیارە نادەن و ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ی ئه‌م كابینه‌یه‌ن.

حکوومەت و بەرپرسانی عێراق رێگە نەما تاقی نه‌كه‌نه‌وه‌، بۆ ئەوەی كۆتایی به‌ خۆپیشاندانەکان بهێنرێت، تەنانەت دەستییان بۆ کەمکردنەوەی موچە و ئیمتیازاتی خۆشیان برد. چاوديرانى سياسيش ده‌ڵێن: پێناچێت ئەو گەندەڵی و به‌راويزخستنه‌ى هاوڵاتیان، نەبوونی خزمەتگوزاری، توەڕيی خۆپیشاندەران و داواکاری گۆرینی سیستەمی سیاسی عێراق بەم هەمو فرە ئاراستەیەوە لە ماوەی ئەم 45 رۆژەدا بتوانرێت عێراق لەو دۆخە دەربهێنرێت و کۆتایی به‌ خۆپیشاندانەکان بهێنرێت.

H.B