پاڵاوگه‌ و كارگه‌ نایاساییەكان زیان بە جوتیاران دەگەیەنن

لە سنووری گوێڕ نزیکەی 80 پاڵاوگە ھەیە

K24 - ھەولێر

لە سنووری شاره‌دێی گوێر ژمارەیەکی زۆر پاڵاوگە و کارگەی پیشەسازی ھەیە، بەشێکی زۆریان بە نایاسایی دروستکراون، جوتیارێکی ناوچەکەش دەڵێت "دووکەڵی ئەو کارگە و پاڵاوگانە، رێگرن بەرھەمێکی تەندروست ھەناردەی بازاڕەکان بکەین".

جوتیاران ئەو شوێنەیان لێ قەدەغەکراون کە ئاوی پیس ئاودەدران، بۆیە لە ھەندێك شوێنی دیكە زەویان بەکرێ گرتووە، بۆ ئەوەی بە ئاوی خاوێن کاری کشتوکاڵی خۆیان بکەن، ئەمەش خواستی کابینەی نۆیەمی حكوومەتی ھەرێمە، بەڵام کێشەی سەرەکیان دووکەڵی کارگە و پاڵاوگەکانی نزیک زەویەکانە، کە زیانی بۆ خۆیان و بەھەماکانیان دەبێت.

لەبارەی ئەم پرسە مەسعود نوری، بەرێوەبەری ناحیەی گوێر بە كوردستان24ی گوت: "ئێستا ژمارەی پاڵاوگەكان كەمبووەتەوە، بەڵام بێگومان ئەوانەی ھەن كێشەیان زۆرە، خەڵكی گوندەكان لەدەست بۆنی كارگە و پاڵاوگەكان بێزارن، بەرشێكیان بیریان لەوە كردووەتەوە ناوچەكە جێبھێڵن، بەڵام بەھۆی ژیانیان بە ناچاری ماونەتەوە".

گوتیشی: "دەكرێ بە توندی چاودێری پاڵاوگە و كارگەكان بكەن، بەشێوەیەكی پرۆفێشناڵ و یاسایی كار بكەن و بۆنەكەی كۆنترۆڵ بكرێت".

لە سنووری ناحیەی گوێر نزیکەی 80 پاڵاوگە ھەیە، لە ناویاندا تەنھا 16 پاڵاوگە مۆڵەتی یاسایان ھەیە، ئەوانی دیکە سەرپێچی لە دروستکردنیان کراوە و خواستی دانیشتووانی ناوچەکەش دانانی سنوورێکە بۆ زیادبوونی ئەو پاڵاوگانە لە ناوچەکەیان.

ھ.م