كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ شاندی حكوومەت بۆ بەغدا دەستیپێكرد
شاندی حكوومەتی ھەرێم ئەنجامی سەردانەكەیان بۆ بەغدا دەخەنەڕوو
K24 - ھەولێر
كەمێك پێش ئێستا كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لەگەڵ ئەو شاندەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، كە دوێنێ سەردانی بەغدایان كردبوو دەستیپێكرد.
بڕیاریشە دوای كۆبوونەوەكەیان، شاندەكە لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا، ئەنجامی سەردانەكەیان بۆ بەغدا بخەنەڕوو.
بەگوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24، شاندی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ درێژەدان بە گفتوگۆكان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، لە دوو رۆژی داھاتوودا جارێكی دیكە سەردانی بەغدا دەكاتەوە.
دوێنێ شەممە 23/11/2019، شاندێكی حکوومەتی هەرێمی كوردستان، كە لە ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی، خاليد شوانی وەزیری هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و د. ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران پێکهاتوون و سەردانی بەغدایان كرد و لەگەڵ سەرۆك وەزیران و وەزیری نەوت و وەزیری دارایی عێراق كۆبوونەوە. بە گوێرەی زانیارییەكان لە كۆبوونەوەكانیاندا گفتوگۆیان لەبارەی بەشە بودجەی ھەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2020 كردووە.