ھەرێمی كوردستان ھەڵمەتێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان رادەگەیەنێت
چەندین پانێل و سیمینار بەڕێوەدەچن
K24 - ھەولێر
لەژێر چاودێری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە ھەرێمی كوردستان ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان رادەگەیەندرێت و ئەو ھەڵمەتە 16 رۆژ بەردەوام دەبێت و رێكخراو و سەنتەرەكانی ژنان چەندین چالاكی ئەنجامدەدەن.
رێناس عەلی، پەیامنێری كوردستان24 لەھەولێر رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە ھەولێر لەژێر چاودێری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و بە سەرپەرشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان ھەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان رادەگەیەندرێت، كە تێیدا چەندین پانێل لەبارەی چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەدەچێت".
گوتیشی: "بڕیارە ئاماری توندوتیژی دژی ژنان رابگەیەندرێت و لە پانێلەكان گفتوگۆ لەوبارەوە بكرێت".
دالیا كەمال، پەیامنێری كوردستان24 لە سلێمانی گوتی: "ھەر لە چوارچێوەی ھەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندتیژی دژی ژنان، رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و ژنان ئەمڕۆ لە سلێمانی چەندین چالاكی ئەنجامدەدەن".
ھ.م






