بۆری ئاوی ئیفرازی ھەولێر چاكدەكرێتەوە

بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر: ئەمڕۆ كێشەكە بە تەواوی چارەسەر دەكرێت

K24 - ھەولێر

بەھۆی شكانی بۆری ئاو ئیفرازی3 ھەولێر چەند گەڕەكێك بێ ئاو بوونە و تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی ھەولێر سەرقاڵی كاركردن بۆ چاككردنەوەی بۆرییەكە و بڕیارە ئەمڕۆ كێشەكە بە تەواوی چارەسەر بكرێت.

نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "دوو رۆژ لەمەوبەر بۆری ئاوی ئیفرازی ھەولێر شكاوە و زۆر لە گەڕەكەكانی ھەولێر بێ ئاو بوون، بڕیارە ئەمڕۆ كێشەكە بە تەواوی چارەسەر بكرێت".

ئەندازیار ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئاوی ھەولێر بە كوردستان24ی راگەیاند: "لە 23ی مانگەوە سەرقاڵی چاككردنەوەی بۆرییەكەین و دوێنێ تەواوی شكانەكە چاككراوە، ئێستا ئاوی زۆربەی گەڕەكەكانی ھەولێر ئاسایی بووەتەوە و بۆ ئەمشەو ئاو بۆ ھەموو گەڕەكەكانی ھەولێر بەردەدرێتەوە".

پڕۆژەی ئاو ئیفرازی 3ی ھەولێر ئاوی 40%ی گەڕەكەكانی ھەولێر دابین دەكات و پێشتریش چەند جارێك بەھۆی شكانی كێشە بۆ زۆربەی گەڕەكەكانی ھەولێر دروستبووە.

ھ.م