دەوڵەمەندترین منداڵی جیھان دەستنیشان كرا
كوڕە گەورەی شازادە ویلیام دەوڵەمەندترین منداڵی جیھانە
K24 - ھەولێر
ژمارەی ملیاردێرەكانی جیھان سەرەڕای جەنگی بازرگانی كەچی رۆژ بە رۆژ لە زیادبوونە و نوێترین راپۆرت لەسەر دەوڵەمەندەكانی جیھان بۆ ئەمساڵ بڵاوبووەتەوە، بەڵام ئەمجارەیان تیشك خراوەتە سەر منداڵان و 10 دەوڵەمەندترین منداڵ لە جیھاندا دەستنیشانكراون. ھەریەكە و بەجۆرێك بووەتە خاوەنی سامان و لە پێشی ھەموویانەوەش جورج ئەلكسەندر لويس كۆڕە گەورەی شازادە ویلیام دێت، بەجۆرێك خاوەنی سامانێكە دەگاتە یەك ملیار دۆلار.
ھەر كاتێك كە باسی ملیۆنێر و ملیاردێرەكانی جیھان دەكرێت، راستەوخۆ بیر لەو كەسانە دەكرێتەوە كە لە رێگەی ھونەر یان كارە بازرگانییەكانەوە سامانیان بە دەست دێنن، زۆربەی كاتەكانیش بڕێكی زۆری ئەو سامانەی خاوەندارێتی دەكەن بۆ منداڵەكانیان دەمێنێتەوە و بەھۆیەوە ناویان دەچێیە نێو لیستی دەوڵەمەندەكان، ھەر بۆیە ماڵپەڕی توكۆ نوێترین راپۆڕتی خۆی لەسەر ئەو منداڵانە بڵاوكردووەتەوە كە بە دەوڵەمەندترینی جیھان ھەژماردەكرێن، بەگوێرەی لیستەكە، جورج ئەلكسندر لويس كە لە 2013 لەدایكبووە، بە دەوڵەمەندترین منداڵی جیھان ھەژماردەكرێت بەجۆرێك خاوەنی ملیارێك دۆلارە، سامانەكەی لە ئەنجامی لە دایكبوونی لە بنەماڵەیەكی شاھانە دروستبووە بەو پێیەی كە كۆڕی گەورەی شازادە ویلیامە.
نۆكس و ڤیڤیان جۆلی پێت، ھەردوو منداڵی براد پیت و ئەنجێلینا جولین و خاوەنی سامانێكن دەگاتە 68 ملیۆن دۆلار.
دانەڵن بێركێد، كچی دوو ئەستێرەی بەناوبانگە كە ئەوانەش ئانا نیكۆل سميث ولاري بيركەهيدە، خاوەنی 59 مليۆن دۆلارە.
نیك دیلۆسیۆ، پرۆگرامسازی كۆمپیوتەرە و لە تەمەنی 15 ساڵیدا بووە سەرمایەدارێكی دیاری ئینتەرنێت و ئەپڵیكەیشنی Summly دروستكرد و دواتر بە بەھای 30 ملیۆن دۆلار فرۆشتییە یاھوو.
ئابیگێل برێزلن، بە یەكێك لە بەناوبانگترین ئەكتەرەكان دادەنرێت، خاوەنی سامانێكە دەگاتە 12 مليۆن دۆلار.
جەیدن سمێس، كوڕی ئەكتەری بەناوبانگ ویڵ سميثە و لە تەمەنێكی بچووكەوە توانی ناوبانگ پەیدا بكات و لە چەندین فیلمدا رۆڵی گێڕاوە، خاوەنی سامانێكە دەگاتە 8 مليۆن دۆلار.
ئێڵ فانینگ، خوشكی ئەكتەری بەناوبانگ داكوتا فانینگە، لە رێگەی كاركردن لە چەند فیلمێكی دیار، توانی ناوبانگ بۆخۆی دروست بكات، سامانەكەی دەگاتە 5 مەلايين دۆلار.
ریكۆ رۆدریگز، ئەم منداڵە توانی لە جیھانی روڵ گێڕاندا بە ئاسانی شوێنی خۆی بكاتەوە، جگە لەوەی كە لە ژمارەیەكی زۆری فیلمە سینەماییەكان بەشداربووە، سامانەكەی دەگاتە 4 مەلايين دولار.
جەیڵن بڵەدسۆ، ئەم كوڕە تەمەن 12 ساڵییە، دامەزرێنەری كۆمپانیای بلیدسۆی تەكنەلۆژییە، زیاتر لە 150 كارمەند لە كۆمپانیاكەی كاردەكەن، سامانەكەی گەیشتووەتە 3 ملیۆن و 500 ھەزار دۆلار.
ڤالەنتینا پەلۆما، پینۆ كچی ملیاردێری فەرەنسی فرانسوا ھێنری و ئەكتەری بەناوبانگ سەلما حایكە، 12 مليۆن دۆلار سامانەكەیەتی.
ژمارەی دەوڵەمەندانی جیھان، گەورە بن یان بچووك، رۆژ بە رۆژ لە زیادبوونە و لە رێگەی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە توانراوە بە بەشێوەیەكی خێراتر بناسرێن، ئەوەی جێی سەرنجی دەوڵەمەندبوونی ئەو منداڵانەیە ئەوەیە كە خاوەنی ڤێلان و بە نوێترین و بەرزترین ئۆتۆمبێلەكاندا ھاتووچۆ دەكەن و تەنانەت جۆرە ژیانێك دەژین كە زۆربەی گەورەكان نەیانتوانیوە تاوەكو ئێستاش بیبینن.
ھ.م