سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی سەنتەرێکی داڵدەدانی ئافرەتان لە هەولێر دەکات
پێویستە ئافرەتانیش وەک هەر تاکێکی کۆمەڵگە مافی ژیانێکی تەندروستیان لە کۆمەڵگەیەکی تەندروستدا هەبێت . بێگومان ئەمەش بەستراوەتەوە بە هەبوونی کۆمەڵێک یاسا و هەڵسوکەوتی کۆمەڵگە بەرامبەر ئافرەت
K24 – ههولێر:
ئەمڕۆ دووشەممە 2019/11/25 لە رۆژی جیهانیی بنبڕکردنی تووندوتیژی دژ ئافرەتان ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی یەکێک لە سەنتەرەکانی داڵدەدانی ئافرەتانی لە شاری هەولێر کرد.
سەرۆکی حکومەت بەیاوەری کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی بەشەکانی سەنتەرەکەی بەسەرکردەوە و گوێی لە داخوازییەکانیان گرت و دەزگاکانی حکومەتیشی راسپارد پێداویستییەکانیان دابین بکەن.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە پێم باشتربوو لە جیاتی ئەوەی تەنیا وتارێک بخوێنمەوە، لە نزیکەوە سەردانی ئێوە بکەم و گوێم لە داخوازییەکانتان بێت . گوتیشی ” ئێمە دەمانەوێت کۆمەڵگەی ئێمە دوور بێت لە هەموو تووندوتیژیەک و ئافرەتان نەک تەنیا پارێزراو بن بەڵکو هەموو مافێکی ژیان و خۆپێگەیاندنیان پارێزراو بێت .پێویستە ئافرەتانیش وەک هەر تاکێکی کۆمەڵگە ، مافی ژیانێکی تەندروستیان لە کۆمەڵگەیەکی تەندروستدا هەبێت . بێگومان ئەمەش بەستراوەتەوە بە هەبوونی کۆمەڵێک یاسا و هەڵسوکەوتی کۆمەڵگە بەرامبەر ئافرەت . حکومەتیش دەبێت پارێزەری ئەو مافانە بێت و لەمڕوەوە ئێمە هیچ درێغییەک ناکەین“.