لە ھەولێر 81 تۆن ھێلكە دەستی بەسەردا گیرا
لە دەروازەی سنووری باشماخ ھێنراوەتە ھەرێمی كوردستان
K24 - ھەولێر
لە بازگەیەكی ھەولێر دەست بەسەر 81 تۆن ھێلكە داگیرا كە نەشیاوە بۆ خواردن و لە دەروازەی سنووری باشماخ ھێنراوەتە ناو خاكی ھەرێمی كوردستان.
رێناس عەلی، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "لەوكاتەی ویستویانە ھێلكەكان بێنە ھەولێر، لە بازگەی دەربەندی كۆمەسپان دەست بەسەر ھێلكەكان داگیراوە".
نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی ناوەندەنی ھەولێر بۆ كوردستان24 گوتی: "ھێلكەكان 90 تۆن دەبێت، دوای دەستبەسەردا گرتنی، لەلایەن لیژنەی ڤێتەرنەری ھەولێر پشكنینی بۆكرا، تائێستا 81 تۆن ساغبووەتەوە كە شیاو نییە بۆ خواردن، 9 تۆنەكەی دیكەش ھێشتا ئەنجامی پشكنینەكەی دەرنەچووە".
قایمقامی ناوەندی ھەولێر روونیكردەوە: "ئەو ھێلكەیە قاچاغە و بەپێی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە، توركیا دروستیكردووە كە رەوانەی وڵاتی سووریای بكات، بەڵام بازرگانەكان بە رێگەی ئێران ھێناویانە و لە دەروازەی سنووری باشماخ داخڵی ھەرێمی كوردستانیان كردووە و پێش ئەوەی بگاتە ناو ھەولێر ھێزەكانی ئاسایش دەستی بەسەرداگرت".





