چین گرێبەستێکی 121 ملیۆن دۆلاری لەگەڵ عێراق واژۆ دەكات

عێراق دەیەوێت سوود لە گازی هاوتای نەوت وەربگرێت

K24 - ھەولێر

کۆمپانیایەکی چینی بۆ ئەندازیاری و دامەزراوە نەوتییەکان گرێبەستێکی بە بەهای 121 ملیۆن دۆلار لەگەڵ عێراق واژۆ کرد.

گرێبەستەکە بۆ پەرەپێدانی ئەندازەی دامەزراوەکانە بۆ بەرهەمهێانی گاز لە میانی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەی رۆژئاوای قورنە1 لە عێراق.

بەگوێرەی راگەیەندراوی دامەزراوەی نەوتی نیشتمانی چین، کە کۆمپانیای سەرەکی وڵاتەکەیە بۆ ئەندازیاری و دامەزراوە نەوتییەکان، پڕۆژەکە بۆ ماوەی 27 مانگە، و ئامانج لێی بەهێزکردنی توانای بەرهەمهێنانی نەوتی خاوە لە کێڵگە نەوتییەکان.

ئەمە لە کاتێکدایە، کێڵگەی رۆژئاوای قورنە1 لە عێراق ئەرکی پەرەپێدانی بە کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیلی ئەمەریکی سپێردرابوو، هەروەها توانای بەرهەمهێنانی کێڵگەکە 480 هەزار بەرمیل نەوتە رۆژانە.