ھەوڵەكانی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دەستپێدەكاتەوە
لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك كۆدەبێتەوە
K24 - كەركووك
گفتوگۆکانی تایبەت بەدۆخی ئاساییکردنەوەی کەرکووک دەست پێیدەکاتەوە، بڕیارە لەم هەفتەیەدا جارێکی دیکە لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک کە لە کورد و عەرەب و تورکمان پێکهاتوون لە بەغدا کۆببنەوە، کارەکانی ئەو لیژنەیە وەستابوون، بەهۆی هەندێک ناڕەزایەتی تورکمانەکان لەبەرامبەر فشاری نێودەوڵەتی بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە، هەروەها خۆپێشاندانەکانی بەغداش هۆکارێکی دیکە بوون بۆ وەستاندنی کۆبونەوەی لیژنەی ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک، بەڵام کارەکانی لیژنە جارێکی دیکە لەو شوێنەوە دەست پێیدەکات کە وەستابوو، گەڕانەوەی پارتیش بۆ کەرکووک یەکێکە لەو باسانە کە بڕیاری لێدرابوو. وەک بەرپرسێکی پارتی دەڵێت، خۆپێشاندانەکانی عێراق وایکرد گەڕانەوەیان دوابکەوێت.
غیابی پارتی لەدوای 16ی ئۆکتوبەرەوە کاریگەری زۆری هەبووە لەسەر رەوشی سیاسی شارەکە، بۆیە لایەنە سیاسییەکان پێش هاووڵاتیان پەرۆشی گەڕانەوەی ئەو حزبەن. یەکێتی لەو هێزانەیە دەیەوێت لەگەڵ پارتیدا کاری هاوبەشیان هەبێت بۆ ئایندەی کەرکووک.
بەرپرسانی پارتی لەهەنگاوی یەکەمدا دەیانەوێت بارودۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە و عەسکەرتاریەت لە شارەکەدا نەمێنی مەلەفی ئەمنیش رادەستی پۆلیس خۆجێی بکرێت، ئەوکات ئەوان ئامادەن بە ئاڵای کوردستانەوە بگەڕێنەوە.
ھ.م