رێباز حه‌ملان: له رێككه‌وتنی نوێ مووچه‌ی مووچه‌خۆران زامن ده‌بێت
"هه‌واڵی زۆر خۆش و گه‌شبینیی بۆ مووچه‌خۆران هه‌یه"
K24 - هه‌ولێر:
رێباز حه‌ملان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بۆ كاروباری دارایی، له میانی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان 24دا ئاشكرای كرد، له چه‌ند رۆژی داهاتوودا، هه‌ولێر و به‌غدا رێككه‌وتنی نوێ له باره‌ی به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم له بودجه‌ی 2020 واژۆ ده‌كه‌ن.
رێباز حه‌ملان راشیگه‌یاند، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به رێككه‌وتنی نوێ، كه واژۆی ده‌كات، مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان زامن ده‌كات.
دووپاتی له‌وه‌ش كرده‌وه، له سه‌ره‌تای پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ، سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌رده‌وام جه‌ختی له رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا كردووه‌ته‌وه و هه‌وڵی به‌رده‌وامیشی بۆ ئه‌وه داوه.
هه‌فته‌ی رابردوو شاندێكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدای كرد و گرنگترین ته‌وه‌ری گفتوگۆی دانیشتنه‌كانیش، به‌شه بودجه‌ی هه‌رێم و پرسی نه‌وت و گاز بوو، دواتریش حكوومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆكان به‌ره‌و پێشچوونه و واژۆكردنی رێككه‌وتنی كۆتایی نزیكه.
ئه‌مڕۆش ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، به سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سرور بارزانی، كۆبووه‌وه و ناوه‌ڕۆكی گفتوگۆكانیان تاووتوێ كرد، له راگه‌یه‌ندراوی ئه‌مڕۆی حكوومه‌تیشدا ئاماژه به‌وه كراوه، سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو شاندی هه‌رێم ده‌چێته به‌غدا، كه به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، بۆ رێككه‌وتنی كۆتاییه له‌گه‌ڵ به‌غدا.
ئ. م