پڕۆژەیەک دەیان منداڵانی بێسەرپەشت بە خێزانی جێگرەوە دەدات

حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پڕۆژەكەی پەسند كرد

K24 - ھەولێر

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە بڕیاری ژمارە 29ی ساڵی 2019، پڕۆژەی خێزانی جێگرەوەی پەسەند کرد، کە چەندین خێزان لێی سوودمەند دەبن، لە لکاندنەوەی مناڵان و بەخێوکردنیان بە مەرجی رێگەپێدان و چاودێریکردنیان لەلایەن لیژنەیەکەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتیش دەڵێت "بڕیارەکەی حکوومەت زیاتر دەستکراوەمان دەکات، چونکە لە ماوەی رابردوودا تەنھا منداڵانی ساوا دراونەتە خێزانە جێگرەوەکان".

زۆرینەی خێزانەكانی کۆمەڵگەی کوردی، پەیڕەوکاری ئایینی ئیسلامن، ھەر بۆیە خێزانەکان زیاتر رەچاوی دەقە شەرعییە ئایینییەکان دەکەن، مامۆستایەکی ئایینیش پێیوایە، دەبێت زۆر بە ھەستیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە بکەن و فەتوای لەسەر بدەن. ھەروەھا لکاندنەوەی منداڵ بە خێزانی جێگرەوە، بە دوو جۆر ناو دەبات و دەشڵێت، ئەگەر منداڵەکە لە تەمەنی ساوا دەرچووبێت و دایک و باوک بە ویستی خۆیان ئەرکی بەخێوکردنیان نەگرنە ئەستۆ، ئەوا رێگە پێنەدراوە.

لە ماوەی رابردوودا و لەسەر بنەمای رێنماییەکانی وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی کۆمەڵایەتی لە سلێمانی پڕۆژەی خێزانی جێگرەوەی راگەیاند، كه‌ چەندین خێزان سوودمەندبوون لە لکاندنەوەی مناڵان و بەخێوکردنیان بە مەرجی رێگەپێدان و لە ژێر چاودێریی لیژنەکان.

ھ.م

Fly Erbil Advertisment