بۆ 3 ساڵی بودجه‌ كار به‌ رێككه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كرێت

"بەم نزیکانە رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان هەولێر و بەغدا واژۆ دەکرێت"

K24- هه‌ولێر:

پەرلەمانتارێکی پارتی ئاشکرای دەکات، ئەو دەنگانەی دژی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بەرزبوونەتەوە کەمن و کاریگەریان لەسەر رێککەوتنەکە نابێت. پەرلەمانتارێکی دیکەش جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ئەو رێککەوتنە بۆ 3 ساڵی بودجە کاری پێدەکرێت و بەشێکی زۆری کێشەکان چارەسەر دەکات.

له‌كاتێكدا ده‌نگێكی ناڕه‌زایی له‌ دژی نزیکبوونەوەی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ رێككه‌وتن، ‌ له‌ پەرلەمانی عێراق بەرز بووەته‌وە، مەیاده‌ نەجار، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، ئەو دەنگانە  کاریگەریان نابێت و دەشڵێت: دەربڕینی نارەزایەتیان موزایدەی سیاسی و شاردنەوەی کێشەکانی شارەکانی دیکەی عێراقە، بۆیە دۆخی عێراق شێواوە و ئەوان پێوستیان بە رێکەوتن هەیە لەگەڵ هەولێر.

له‌كاتێكیشدا یەکێك لە تایبەت مەندییەکانی بودجەی 2020 عێراق بۆ 3 ساڵ ئامادە دکرێت، شێروان دوبەردانی، په‌رله‌مانتاری كورد له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرای ده‌كات، ئەوەی گرنگە ئەم رێککەوتنەی هەولێر و بەغدا لە پڕۆژە بودجە بۆ ماوەی 3 ساڵ کاری پێدەکرێت، دووپاتیش ده‌كاته‌وه‌، بەم نزیکانە رێککەوتنی کۆتایی لە نێوان هەولێر و بەغدا واژۆ دەکرێت و پرۆژە بودجەی عێراق پەسەند دەکرێت.

بڕیارە سەرتای هەفتەی داهاتوو شاندی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی بەغدا بكات و لەسەر رەشنووسی بودجەی 2020  لە نێوانیان بگەنە رێککەوتن و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش لە دوای رێککەوتنی هەولێر و بەغدا پرۆژەی بودجە پەسەند بکات و دواتر بنێردرێتە ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ئەوەی گفتوگۆی لەسەر بكرێت و پەسەند بكرێت.

H.B