"ھەموواركردنەوەی دەستوور مەترسیدارە"
ئەندامێكی لیژنە: تائێستا دیارنەكراوە كە چ ماددەیەك پێویستە ھەمووار بكرێتەوە
K24 - ھەولێر
ئەندامێکی لیژنەی ھەمووارکردنەوەی دەستوور ئاشکرای دەکات بەھۆی چەند ھۆکارێک، لیژنەکە نەیتوانیووە کارهكانی بە تەواوی رایی بکات، لە بەرامبەردا ئازاد جندیانی وەك کەسایەتیێکی سیاسیی پێی وایە، دەست بردن بۆ دەستوور مەترسیدارە.
کارەکانی لیژنەی ھەمووارکردنەوەی دەستوور وەستاوە، چونکە ھەندێک ئەندامی ئەو لیژنەیە تانەیان لە ماددەی 142 داوا، کە لیژنەکە کاری پێدەکات، وەک ئەندامە کوردەکانی ئەو لیژنەیە باسی لێوە دەکەن، ھەر ئەوەیە وای کردووە لیژنەکە تائێستا نەیتوانیوە کارێکی ئەوتۆ بکات.
عەبدولباری عەبدولمەجید، ئەندامی لیژنەی ھەموارکردنەوەی دەستوور بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئێستا ژمارەیەك ئەندام دەیانەوێت تانە لە ماددەی 142 بدەن، لەبەر ئەوەی ئەوان پێیانوایە دەستوور تا ماددەی 139 بووە و نایانەوێت مادەكانی دیكە حیساب بكەن، ھەندێك لە ئەندامانی لیژنەكە دەیانەوێت لەسەر ئەم پرسە بگەڕێنەوە دادگای فیدڕاڵی".
گوتیشی: "ھێشتا ھیچ پلانێك دانەنراوە كە چۆن دەست بەكاربین، بۆ شیكردنەوەی ماددەكان، تائێستا دیارنەكراوە كە چ ماددەیەك پێویستە ھەمووار بكرێتەوە، بەگوێرەی ماددەی 142 چەند ماددەیەك ھەموار دەكرێتەوە نەك ھەموو ماددەكانی دەستوور".
بە بۆچوونی بەشێك لە شارەزایان، ھەمووارکردنەوەی دەستوور و دەست بردن بۆ ماددە دەستوورییەکان، بۆمبێكی تەوقیتکراوە دژی کورد، بۆیە پێشنیاز دەکەن کورد بە وریاییەوە ھەنگاو بنێت، چونکە پێشتر ھیچ کارێک لە عێراق بەبێ سازان نەدەکرا، بەڵام ئێستا ئەو سازانە نەماوە.
ئازاد جندیانی، کەسایەتی سیاسی دەڵێ: "ھەموواركردنەوەی دەستوور مەترسیدارە، چونكە ئەوەی لە رابردوو جێبەجێمان كردووە، ھەمووی بەپێی بنەمای تەوافق و سازان بووە، لەنێوان كورد و لایەنە عەرەبەكان بەتایبەتی ئەوكات لەگەڵ لایەنە شیعەكان پەیوەندییەكی باشمان ھەبوو، تەوافق و سازان ھەبوو، بەڵام ئێستا ئەو سازانە نایەتەدی، چونكە نە ئێمە ھێندە یەكگرتووین بتوانین ببینە ھێزێك كە روئیای تەوافقی بەسەر لایەنەكانی دیكە بسەپێنین، لایەنە عەرەبەكانی دوای چەندین ساڵ ئێستا بە جۆرێكی دیكە دۆخەكە دەبینن".
لیژنەی ھەمووارکردنەوەی دەستوور بە پشت بەستن بە ماددەی 142ی ئەو دەستوورە پێکھات، کورد شەش ئەندامی لە لیژنەکە ھەیە، ئەو لیژنەیە تا ئێستا 3 کۆبوونەوی ئەنجامداوە، دوای 3 کۆبوونەوە یەکەم راپۆرتی خۆیان ئامادەکرد، بێ ئەوەی یەک ماددە و یەک برگەی دەستوور گۆڕانکاری تێدا کرابێت.
ھ.م